بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، ئاماری قوربانییانی بوومەلەرزەكە لە باكوور و رۆژئاوای كوردستان و توركیا و سووریا، لە 100 هەزار نزیك بووەوە، بە جۆرێك گیان لەدەستدان 21 هەزار و 674 كەسی تێپەڕاند، زیاتر لە 78 هەزار كەسیش بریندارن. بەپێی دواهەمین راگەیاندراوی توركیا، كە درەنگانی دوێنێ شەو لەلایەن فوئاد ئاكتای جێگری سەرۆكی توركیا خوێندرایەوە، ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەكە لە توركیا 17 هەزار و 674 كەسی تێپەڕاندووە و 73 هەزار كەسیش بەم هۆیەوە بریندار بوون. هەروەها دوێنێ شەو لەلایەن حكوومەتی سووریاوە دواهەمین ئاماری قوربانییانی وڵاتەكە راگەیەندرا و ئاماژە بەوە كرا كە زیاتر لە چوار هەزار كەس لە سووریا بەهۆی بوومەلەرزەوە گیانیان لەدەست داوە، زیاتر لە پێنج هەزار كەسیش بەم هۆیەوە بریندار بوون. بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممەی رابردوو، بوومەلەرزەیەك بە هێزی 7.7 بە پێوانەی رێختەر، باكووری كوردستان، رۆژئاوای كوردستان، توركیا و سووریای هەژاند، دوای چەند كاتژمێرێك بوومەلەرزەیەكی تر بە هێزی 7.6 بە پێوەری رێختەر ناوچەكەی هەژاندەوە، بەم هۆیەوە زیانێكی گەورەی گیانی و مادی بە ناوچەكە گەیاند.