نووسەرێكی ناوداری توركیا، سوپاسی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەكات، لەپای ئەو یارمەتییانەی بۆ زیانلێكەوتوانی بوومەلەرزەكەی شەشی شوباتی توركیا و باكووری كوردستانیان ناردووە. فاتیح سەڤگیلی، نووسەری دیاری توركیا، لە هژماری خۆی لە تویتەر، باس لە یارمەتییەكانی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەكات بۆ توركیا و باكووری كوردستان و دەڵێت: سوپاس بۆ ئێوە كە یارمەتیتان داین. فاتیح دەنووسێت: ”دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەرێمی كوردستان، دوای ئەوەی لە یەكەم رۆژی بوومەلەرزەكەدا بە 50 كەس و 15 سەیارەی بارهەڵگر یارمەتیی بۆ ئەو ناوچانە نارد كە بوومەلەرزەی تێدا رووی داوە، پاشان ژمارەكە بۆ تیمێكی 200 كەسی زیادی كرد كە كاریان رزگاركردنی ئەو كەسانەیە كە كەوتوونەتە ژێر باڵەخانەكان و هەروەها بە 30 ئەمبوڵانس و 40 پزیشك و 40 ئۆتۆمبێل دەرمان و دەیان بارهەڵگری تر كە یارمەتیی بۆ ناوچەی بوومەلەرزە تێدایە هاوكاریمانیان كردووە، سوپاس بۆ ئێوە دەزگای خێرخوازی بارزانی.“ لە سۆسیال میدیا، هاووڵاتیانی توركیا سوپاسی خۆیان بۆ حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەنێرن، كە یارمەتیی زیانلێكەوتوانی بوومەلەرزەكەی شەشی شوباتیان داوە. جیا لەوەش، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنییدا لەگەڵ سەرۆك بارزانی، سوپاسی گەلی توركیای بە بارزانی راگەیاند و هەروەها سوپاسی تایبەتی سەرۆك بارزانی كرد، ئەمە جیا لەوەی بەشێك لە بەرپرسانی باڵای توركیا، لەڕێی پەیوەندیی تایبەت و هەروەها لە سۆشیال میدیاوە بەڕەسمی سوپاسی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، كە لە یەكەم رۆژی بوومەلەرزەكەوە فریای توركیا و زیانلێكەوتوانی بوومەلەرزەكە كەوتن و چەندین كاراون كۆمەك و هاوكاری و تیمی بەهاناوەچوونیان لە هەرێمی كوردستانەوە ناردووە.