ئەمڕۆ سێشەممە ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی رای گەیاند زنجیرە بوومەلەرزەكەی توركیا و سووریای هەژاند، گەورەترین كارەساتی سرووشتیی ئەم سەدەیەی لقی ئەورووپای ڕێكخراوەكە بوو، كە گیان لەدەستدانی زیاتر لە 35 هەزار كەسی لێ كەوتەوە. هانس كلۆگە بەڕێوەبەری لقی ئەورووپای ڕێكخراوە جیهانییەكە رای گەیاند بوومەلەرزەكەی رۆژی دووشەممەی پێشووتر، گەورەترین كارەساتی سرووشتی بوو كە لە ماوەی ئەم سەدەیەدا وڵاتێكی ناوچەی ئەورووپا ڕووبەڕووی بووبێتەوە. كلۆگە لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی ئینتەرنێتیدا ئاماژەی بەوە داوە كە ئەوان لە لقی ئەورووپای ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانیدا، شایەدحاڵی گەورەترین كارەساتی سرووشتیی ئەم سەدەیە بوون و تا ئێستاش بەردەوامن لە كارەكانیان بۆ هەڵسەنگاندنی قەبارەی زیانەكان. ئاشكراشی كردووە كە تا ئێستا زیانی راستینەی بوومەلەرزەكە نەزاندراوە، بنیاتنانەوەی رووخان و وێرانییەكانی بوومەلەرزەكەش بەجێی هێشتووە، ماوەیەكی زۆر و كاركردنێكی گەورەی پێویستە. هەروەها گوتی ئێستا نزیكەی 26 ملیۆن كەس لە توركیا و سووریا پێویستیان بە یارمەتیی مرۆیی هەیە.
تەندروستیی جیهانی: بوومەلەرزەکە، گەورەترین کارەساتی سرووشتیی ئەم سەدەیەی ئەورووپا بوو
