سەردانی مەسرور بارزانی بۆ فەرەنسا، هەنگاوێکی تر بۆ زیاتر بەهێزبوونی پێگەی هەرێمی کوردستان

سەردانی مەسرور بارزانی بۆ فەرەنسا، هەنگاوێکی دیکە دەبێت بۆ زیاتر بەهێزبوونی پێگەی هەرێمی کوردستان و چاودێرانیش پێیان وایە، فەرەنسا لەم سەدەیەدا، وەکوو دەروازەیەکی گەورە بووە بۆ بەهێزبوون و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان. چاودێران پێیان وایە، هاتنی سەرۆک ماکرۆن لە رابردوو بۆ هەولێر و سەردانەکانی پێشتر و دوێنێی مەسرور بارزانی لە ئێستا بۆ پاریس و ئەو پێشوازییە گەورەیەی کە بە ئاڵای کوردستانەوە لە دیدارەکانی لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و بەپرسانی ئەو وڵاتە لێی کراوە، پێگەی هەرێمی کوردستان زیاتر بەهێز دەکات. دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ماکرۆن، کە ئێوارەی دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ (16ـی شوباتی 2023)، لە کۆشکی ئێلیزێ ئەنجام درا، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ تویتێكدا رایگه‌یاند، خۆشحاڵ بووم ئەمڕۆ لە کۆشکی ئێلیزێ، لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن کۆبوومەوە. له‌ تویته‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌: “ئێمە بەیەکەوە هاوکار و یارمەتیدەر بووین لە پاراستنی جیهان لە تیرۆریستانی داعش، ئێستاش زیاتر برەو بە پەیوەندییەکانمان دەدەین، بەتایبەتی لە بواری بازرگانی و وەبەرهێنان.” ئێوارەی پێرێ چوارشەممە (15ـی شوباتی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی و بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکوومەت، گەیشتە پاریسی پایتەختی فەرەنسا. فەرەنسا دۆستێکی گەورە بووە بۆ کورد لەم سەدەیەدا فەرەنسا لە چەندین قۆناغ سوودی گەورەی بۆ هەرێمی کوردستان هەبووە، هەر لە بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، تا دەگات بە شەڕی داعش و هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەشێوەیەک، بە بڕوای چاودێران، فەرەنسا لەم سەدەیە دەروازەیەکی گەورە بووە بۆ کرانەوە و بەهێزبوونی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهاندا. فەرەنسا و بڕیار 688 بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، کە لە 5ی 4ی 1991 ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی ژمارە 9282دا پەسەند کرا، پڕۆژەی وڵاتی فەرەنسا بوو، کە بەهۆیەوە ناوچەی دژەفڕین لە سەرووی هێڵی 36 دیاری کرا، بۆ پاراستنی نەتەوەی کورد لە هەرێمی کوردستان، ئەوەش دوای ئەوە هات، کە ڕژێمی بەعس ڕاپەڕینەکەی بەهاری ساڵی 1991ی سەرکوت کرد و خەڵکی باشووری کوردستانی ڕووبەڕووی کۆڕەوێکی ملیۆنی کردەوە، بۆ هەردوو وڵاتانی ئێران و تورکیا.بەڵام دواتر، بۆ یەكەمجار بە هەوڵی خاتوو دانیال میتران، ده‌‌رگای كۆشكی ئێلیزێ‌‌، له‌‌ كاتی سه‌‌ركۆماریی فرانسوا میترانی هاوسەریدا، بۆ سەركردەكانی كورد و سەرۆک بارزانی كرایەوە و بەمەش مەسەلەی كوردی لە ‌‌بواری دیپلۆماسیی جیهانیدا بەنێودەوڵەتی كرد و پێشی خست. دانیال میتران، بۆ پشتیوانیی لە کورد لە ساڵی 1991 سەردانی ھەریەک لە وڵاتانی ئەڵمانیا و ڕووسیا و ئەمریکای کرد بۆ دابینکردنی پاڵپشتیی لە ئەنجومەنی ئاسایش بۆ بڕیاری 688، ئەوەبوو دواتر بە هاوکاریی ئەمریکا و بەریتانیا و ئەندامانی دیكەی ئەنجوومەنەکە، توانرا لە ڕۆژی 3ی نیسانی 1991 یاداشتێک بەرز بکەنەوە بۆ سکرتێری گشتی و لە ڕۆژی 5ی نیسانی 1991 پڕۆژە بڕیاری 688 لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پەسەند کرا، کە تێیدا ناوچەی ئارام بۆ باکووری ھێڵی پانی 36 بۆ کورد دانرا، دوای پەسەندکردنی ئەم پڕۆژە بڕیارە، فڕۆکەکانی فەرەنسا و ئەمریکا بۆردومانی ھەر ھێزێکی عێراقییان دەکر،د کە ھێڵی پانی 36ی تێپەڕاندایە.ئێستاش لە شاری هەولێر شەقامێک بەناوی دانیال میتەرانەوەیە و ساڵانە کورد لە رۆژی بڕیاری 688 و رۆژی کۆچی دوایی دانیال میتران، کە دەکاتە ڕێکەوتی 22ی تشرینی دووەمی2011، یادی میتەران و هەڵوێستەکانی دەکاتەوە. فەرەنسا یەکەم وڵاتە دانی بە پەرلەمانی کوردستاندا ناوە فەرەنسا لە سەردەمی بەڕێوەچوونی یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی حکوومەت و بنیاتنانی دیموکراسیدا، پشتیوانێکی سەرسەختی مافە ڕەواکانی گەلی کورد بووە. لەدوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانیش بەفەرمی نوێنەری خۆی ناردووەتە پەرلەمان و وەکوو یەکەم وڵات دانی ناوە بە بوونی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەدوای ئەوەشدا، چەندین ڕێکخراوی فەرەنسی لە بواری هاوکاریی مرۆیی و ئاوەدانکردنەوە نێردراونەتە هەرێمی کوردستان، بۆ بنیاتنانەوە و خزمەتگوزاریی باشتر بۆ خەڵکی کوردستان، جگە لەوە، فەرەنسا ڕۆڵێکی گرنگی بینیوە لە هێنانەدیی ئاشتیی ناوخۆیی و نەهێشتنی شەڕی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستان. یەکەم وڵات بووە کونسوڵخانەی لە هەولێر کردووەتەوە لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە 2003، فەرەنسا یەکەم وڵات بووە، کە بەفەرمی سەرۆکی خۆی ناردە هەرێمی کوردستان، هەروەها یەکەم وڵات بوو، کە لە ساڵی 2008 کۆنسوڵخانەی خۆی لە هەولێر کردووەتەوە. رۆڵی فەرەنسا لە شەڕی داعشدا فەرەنسا لە شەڕی دژی بە داعش هاوکاریی بەرچاوی پێشکەشی پێشمەرگە کردووە، لە ئەیلوولی 2014دا و کاتێک هەڕەشەی داعش لەسەر هەرێمی کوردستان زۆر بوو، فرانسوا ئۆلاند، وەکو یەکەمین سەرۆک وڵات هاتە هەولێر و پاڵپشتیی پاریسی بۆ کورد دووپات کردەوە. بۆ ئەوەشیان، لە وەزارەتی پێشمەرگە، دۆسیەی ئەو وڵاتانە هەن، کە لە شەڕی داعشدا هاوکاریی سەربازییان داوەتە پێشمەرگە، وڵاتەکان زۆرن، بەڵام دۆسیەی وڵاتی فەرەنسا یەکێکە لە دۆسیە هەرە گەورەکان و بە داتای ورد هەموو ئەو هاوکارییانە دیکۆمێنت کراون، کە فەرەنسا داویەتی بە هێزی پێشمەرگە. جگە لەو فڕۆکانەی بەردەوام لە ئاسمانەوە پێگەکانی داعشیان بۆردومان کردووە، فەرەنسا بە چەکی دۆشکەی کانۆنی 40 ملم و دۆشکەی ناتۆی 12.7 ملم و سەدان هەزار فیشەک هاوکاریی هێزی پێشمەرگەی کردووە، جگە لەوەش، 150 سەرباز و راوێژکاری سەربازیی فەرەنسا بەردەوام لەگەڵ پێشمەرگە لە بەرەکانی شەڕدا بوون.