گه‌نجێكی كورد كه هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی كه‌نه‌دایه، له لایه‌ن دادگایه‌كی ئه‌و وڵاته‌وه تۆمه‌تی هاوكاریكردنی داعشی ئاڕاسته كراوه و چاوه‌ڕێ ده‌كرێت ئه‌م هه‌فته‌یه سزای زیندانی كردنی به‌سه‌ردا بسه‌پێندرێت. پێگه‌ی (گڵۆباڵ نیوز)ی كه‌نه‌دی بڵاو كردووه‌ته‌وه، بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی دادگا له رۆژی سێشه‌ممه 21/2/202، لەلایەن داواکاری گشتیی فیدراڵیەوە بڵاوی كردوونه‌ته‌وه، تێیدا هاتووه كه ئاسۆ پشده‌ری، تۆمه‌تبار كراوه به هاوكاریكردنی دارایی ئه‌ندامانی داعش. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، بڕیار وایه ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، ناوبراو لە دادگای ئۆنتاریۆ ئامادە بێت بۆ ئەوەی له‌به‌رده‌م دادووه‌ر وته بدات و پارێزه‌ره‌كه‌شی رای گه‌یاندووه “ئاسۆ پشده‌ری، ئاماده‌یه دان به‌و تۆمه‌تانه‌دا بنێت كه ئاڕاسته‌ی كراوه.” بۆیه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت دوای دانپێدانانه‌كانی، له لایه‌ن دادوه‌روه راسته‌وخۆ سزای زیندانی كردنی به‌سه‌ردا بسه‌پێندرێت. سۆلۆمۆن فریدمان، كه پارێزه‌ری ئاسۆ پشده‌رییه، له نووسراوێكدا كه ئاڕاسته‌ی دادگای ئۆنتاریۆی كردووه، نووسیویەتی، “پشده‌ری، دەیەوێت ڕێوشوێنەکان لەم دادگایە دەستپێبکاتەوە بە مەبەستی دانیشتنەکانی دانپێدانان لەسەر هەموو ئه‌و تۆمەتانه‌ی كه ئاڕاسته‌ی كراون.” رۆژنامه كه‌نه‌دییه‌كه ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه، كه ئاسۆ پشده‌ری، پێشتر لە ساڵی 2015 لەلایەن یەکەی ئاسایشی نیشتمانی كه‌نه‌دا، ناسراو به (RCMP) دەستگیرکراوه و تۆمەتبارکراوە بە پیلانگێڕی و بوونی په‌یوه‌ندی لەگەڵ ئەندامانی داعش، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی به‌ڵگه‌ی پێویست ئازاد كراوه.