هۆکارى درەنگکەوتنى هێنانەوەى ڕوفاتى ئەنفالکروان ئاشکرا دەکرێت

پەرلەمانتارێکى کورد لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆى ئەوەى پشکنینى ڕوفاتى ئەنفالکراوان بودجەیەکى زۆرى پێویستە و بەجیاوازتر لە ساڵانى پێشوو بابەتى هێنانەوەیان دواکەوتووە. کاروان یاروەیس، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “ماوەى ساڵێک زیاترە ڕوفاتى 172 ئەنفالکراوى کورد لە پزیشکیى دادى بەغدایە و تا ئێستا کارى پشکنینیان تەواو نەبووە و نەگەڕێندراونەتەوە هەرێمى کوردستان”. گوتیشى: “لە میانى بەدواداچوونمان بەوەى کە ئایا بۆچى بە جیاوازتر لە ساڵانى پێشوو پڕۆسەى گەڕانەوەى ڕوفاتى ئەنفالکراوان دوا کەتوووە، پێیان ڕاگەیاندین ساڵانى پێشوو پشکنین (DNA) یان بۆ نەدەکرا و دواى هەندێ کارى پێویست دەگەڕێندرانەوە هەرێمى کورستان، بەڵام ئێستا بڕیارى ئەو جۆرە پشکنینەیان بۆ دراوە و ئەوەش زیاتر لە دوو ملیار دینارى پێویستە کە ئێستا وەزارەتى تەندروستى بە زارەکی بەڵێنى داوە ئەو بڕە پارەیە بۆ ئەو مەبەستە دابین بکات.” ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئاماژەى بەوەش کرد کە بەهۆى ئەو پشکنینەوە دەتوانرێت لە گۆڕستانى تایبەت و لە ناوچەى خۆیان گۆڕى تایبەت بۆ کەسە ئەنفالکراوەکان دروست بکرێت و هەر ئەنفالکراوێک گۆڕ و ناو و ناونیشانى تایبەتى خۆى لێ بنووسرێت.