ئەنیستیتیۆتی خەڵاتی جیهانی نۆبڵی ئاشتی، بۆ ساڵی 2023، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا و ڤلادیمیر زیلێنسكی، سەرۆكی ئۆکراینای بەربژێر كردووە بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە. بۆ 2023، ئەنیستیتیۆتی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، 305 بەربژێری دیاری كردووە بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە، كە 212یان كەسایەتین و 95یشیان دامەزراوەن، كە كاریان بۆ مافی مرۆڤ و ئازادیی تاك كردووە لە جیهاندا، لە نێوان ئەو بەربژێرانەدا، هەریەك لە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا و ڤلادیمیر زیلێنسكی، سەرۆكی ئۆکراینای تێدایە. لەناو ئەو هەموو بەربژێرە، كەسێك دەبێتە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی كە لە نەرویج ڕێوڕەسمەكەی بەڕێوە دەچێت و براوەی ئەو خەڵاتەش بڕی یەك ملیۆن دۆلاری ئەمریكی پێ دەدرێت. پێشتریش مستەفا كەمال ئەتاتورك، سەركۆماری توركیا بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە بەربژێر كرابوو، بەڵام بە شیاویان نەزانیوە خەڵاتەكەی پێ بدەن. بەربژێركردنی ئەردۆغان بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە، هۆكارەكەی پشتگیریكردنی بووە لەو هەموو ئاوارە سوورییەی ڕووی لە توركیا كردووە، هەروەها سیاسەتی ئەردۆغان بەرامبەر بە ئاوارە سوورییەكان و ئەفغانستان. بەڵام وەكوو ئەوەی پێشبینی دەكرێت، ئەگەر كەسایەتییەكی سیاسی ئەو خەڵاتە وەربگرێت، زیلێنسكی سەرۆكی ئۆکراینایە، بەڵام بەربژێربوونی ئەردۆغانیش هەنگاوێكی گرنگە.