لە گەرمیان ژمارەیەک هەلی كار بۆ دەرچوان دەڕەخسێنرێت

لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی گەرمیان، ژمارەیەك هەلی كار بۆ دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان دەڕەخسێنرێت. ئەمڕۆ پێنشجەممە 2ی 3ی 2023، حەمید محەمەد، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی گەرمیان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: بەڕێوەبەرایەتییەكەمان 25 هەلی كار دەڕەخسێنێت بۆ دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكانی سنووری گەرمیان لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ و، بەپێی ئەو پسپۆڕییانەی كە دیاری كراون 16 كەسیان بۆ شاری كەلار و نۆ كەسیان بۆ قەزای كفری دەبێت. ئەوانەی كە دیانەوێت فۆرمی دامەزراندن پڕ بكەنەوە، دانیشتووی سنووری شاری كەلار دەتوانن لە 7ی 3ی 2023ـوە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیمان بكەن بە مەبەستی پڕكردنەوەی فۆرم و ماوەی گەڕاندنەوەی فۆرمەكە حەوت ڕۆژە. گوتیشی: ئەو بەڕێزانەی كە دەیانەوێ لە سنووری قەزای كفری فۆرم وەربگرن، دەتوانن لە 8ی 3ی 2023 سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی كفری بكەن بە مەبەستی وەرگرتنی فۆرم و گەڕاندنەوەی لە ماوەی حەوت ڕۆژا بۆ بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی كفری. ڕایشیگەیاند: ئەمەش داواكاریی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان بۆ وەزارەتی كار و كارباری كۆمەڵایەتی بەرز كردەوە و دواتر ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەسەندی كرد. ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕەزامەندیی دا بە دامەزراندنی 16 كەس وەك مامۆستای گرێبەست بۆ پەیمانگای نابیستانی گەرمیان لە كەلار و نۆ كەس وەك مامۆستای گرێبەست بۆ پەیمانگای نابیستانی كفری و بۆ ئەو مەبەستە بڕیارە فۆرم بەسەر دەرچواندا دابەش بكرێت بە مەبەستی دامەزراندنیان وەك مامۆستای نابیستان لە گەرمیان.