گۆتێرێش داوا لە وڵاتانی جیهان دەكات هاووڵاتییەكانیان لە كەمپی هۆل وەربگرنەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە میانی سەردانەكەیدا بۆ هەرێمی كوردستان، سەردانی كەمپێكی پاشماوەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشی كرد لە سنووری پارێزگای نەینەوا و لەمبارەیەوە داوای لە وڵاتانی جیهان كرد، ئەو هاووڵاتییانەیان وەربگرنەوە كە لە كەمپی هۆل لە سووریا وەكو پاشماوەی داعش دەستبەسەر كراون. گۆتێرێش ئەمڕۆ سەردانی ئەو كەمپەی پاشماوەكانی داعشی كرد لە نەینەوا، كە لە كەمپی هۆلەوە لە سووریا گوازراونەتەوە بۆ عێراق، ژمارەیەكی بەرچاویان بریتیین لە ژنانی پاشماوەی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش، كە لە چەندین وڵاتی جیهانەوە ڕوویان لە سووریا و عێراق كردبوو، بۆ ئەوەی بچنە پاڵ هێزە چەكدارەكانی ڕێكخراوە تیرۆریستییە داماڵدراوەكەی سووریا و عێراق. لەمبارەیەوە ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە لێدوانێكدا كە لە میانی سەردانی كەمپەكەدا پێشكەشی كرد، داوای لە وڵاتان كرد هاووڵاتییەكانیان لە كەمپی هۆل وەربگرنەوە، چونكە مانەوەی ئەو كەمپە مەترسییەكی گەورەی بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە هەیە. تا ئێستا زیاتر لە 50 هەزار كەسی پاشماوەی داعش لە كەمپی هۆل ماونەتەوە، كە خەڵكی نزیكەی 60 وڵاتی جیاوازی جیهانن، سەرباری ئەوەی 25 هەزار ئاوارەی عێراقی و سووریشیان لەناودایە.