ئەمشەوی یەكشەممە خۆپیشاندانی بەرفرەوان چوار پارێزگای عێراقی گرتەوە، بەم هۆیەوە چەندین ڕێگەی سەرەكیی گیراون و دەیان تایە لەسەر ڕێگەكان سووتێندراون. دوای ئەوەی دوێنێ شەممە، پەرلەمانی عێراق كۆتایی بە راپۆرت و وتوێژكردنی پێشنیازی هەمواركردنی سێیەمی پرۆژەیاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاكان هێنا، خۆپیشاندانی بەرفرەوان چەند ناوچەیەكی عێراقی گرتەوە. ئەمشەویش میدیاكانی عێراق وێنەی خۆپیشاندانەكانی ناڕەزایی خەڵكیان لە پارێزگاكانی زی قار، واست، دیوانیە و نەجەف بڵاو كردەوە، كە سەدان هاووڵاتی ناڕەزایی دژی پێشنیازی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان دەردەبڕن، بەم هۆیەوە لەسەر چەندین ڕێگەی سەرەكیی پارێزگاكاندا ئاگری گەورە كراونەتەوە و تایەی ئۆتۆمبێل دەسوتێندرێن.