ئەمڕۆ 32مین ساڵیادی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی دژی ڕژێمی بەعسە

32 ساڵ لەمەوبەر، ڕۆژی 5/3/1991 یەكەمین كڵپەی ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵک و هێزی پێشمەرگەی باشووری کوردستان دژی دامودەزگاكانی ڕژێمی ڕووخاوی بەعسی عێراق لە شاری ڕانیەوە دەستی پێ‌ كرد کە دواتر بە دەروازەی ڕاپەڕین ناسرا. لە سێیەم ڕۆژی ڕاپەڕیندا، ڕێکەوتی 7/3/1991 جەماوەری شاری سلێمانی بەپێی پلان و بەرنامەی لەپێشدا داڕێژراوی ڕێکخستنی ناوشاری حزبە کوردستانییەکان و جەماوەری خەڵک لەدژی دامودەزگاکانی حزبی بەعس ڕاپەڕین و لە یەک ڕۆژدا سەرجەم شاری سلێمانییان لە ئاسەواری ڕژێمی بەعس پاک کردەوە. ڕاپەڕین ئاگری ڕقی چەند ساڵەی بەسەر ڕژێمی بەعسدا باراند كە چەندین ساڵ بوو بە ئاگر و ئاسن ڕۆڵە بەجەرگەكانی ئەو شارەیان سەركوت دەكرد، لەو ڕۆژەدا ”شاری هەڵمەت و قوربانی” ڕاپەڕی و هەر لە بەیانییەكی زووەوە دەستە دەستە جەماوەری خۆڕاگر لە یەكتری نزیك دەبوونەوە و نەخشەیان بۆ هەڵمەت دژی دامودەزگا داپڵۆسێنەرەكان دادەڕشت و هەروەكوو هەموو جارانی تر سلێمانی هەر تەنیا چریسكەیەكی بەس بوو، بۆیە ڕاپەڕینێك بەرپا بوو كە تۆڵەی دەیان و سەدان ساڵ ژێردەستەیی و چەوساندنەوەی ڕۆڵەكانی گەلەكەمانی لە ڕژیمی لەناوچووی بەعس سەندەوە. تا نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە زۆربەی دەزگا سەربازی و داپڵۆسێنەر و تۆقێنەرەكانی بەعسی لەناوچوو كەوتنە دەستی جەماوەر و تا ئێوارە سلێمانی ئازاد كرا و تەنیا بینای ئەمنی سلێمانی مایەوە كە پاککردنەوەی كەوتە ڕۆژی دواتر، بەڵام لەو ڕۆژانەدا هیچ شتێك لەبەردەم ”ڕقی پیرۆز”ی جەماوەردا خۆی نەدەگرت، هەرچەندە سەر لە ئێوارە چەند كۆپتەرێك لە سنووری شارەكە نزیك كەوتنەوە، بەڵام لەبەر بەرگریی پێشمەرگە و جەماوەر نەیانتوانی بێنە سەر شارەكە و گەڕانەوە و بۆ ڕۆژی دواتر پێشمەرگە و جەماوەر لە چەند ساتێكی كەمدا دوامۆڵگەی زۆردارییان لەناو شاری سلێمانی پاك كردەوە كە بە ئەمنە سوورەكە ناسرابوو.