32 ساڵ لەمەوبەر، ڕۆژی 5/3/1991 یەكەمین كڵپەی ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵک و هێزی پێشمەرگەی باشووری کوردستان دژی دامودەزگاكانی ڕژێمی ڕووخاوی بەعسی عێراق لە شاری ڕانیەوە دەستی پێ كرد کە دواتر بە دەروازەی ڕاپەڕین ناسرا. لە چوارەم ڕۆژی ڕاپەڕیندا، ڕێکەوتی 8/3/1991 بەپێی پلان و بەرنامەی لەپێشدا داڕێژراوی ڕێکخستنی ناوشاری حزبە کوردستانییەکان و جەماوەری خەڵک لەدژی دامودەزگاکانی حزبی بەعس، لە چەمچەماڵ و ھەڵەبجە و عەربەت و ئۆردوگاکانی زەڕایەن و سمود و نەسڕ و باریەکە و پیرەمەگروون و ئەلڵایی ڕاپەڕین دەستی پێ کرد و سەرجەم ئەو ناوچانە و ڕێگا سەرەکییەکانی نێوان سلێمانی و کەرکووک و بەعقووبە کۆنتڕۆل کران. لەو ڕۆژەدا ژمارەیەک لە هاووڵاتییان شەھید بوون و چەندان کەس لە پیاوانی ڕژێمیش کوژران و ھەر هەمان ڕۆژیش سەرجەم ڕەبییەکانی پشتاوی سەر مامەندە و قەڵادزێ خۆیان بەدەست گەلەوە دا و قەڵای سووسێی ڕژێم گیرا. هەر ئەو ڕۆژە جەماوەری ڕاپەڕیوی گەل بەرەو دوکان چوون و لەلای دۆڵی خەلەکانیش پێشمەرگە و جەماوەر ھەر بەرەو بەنداوی دوکان دەھاتن، بۆیە بۆ ئێوارە ئەم ناوچەیەش بە تەواوی کۆنترۆڵ کرا.