سه‌رۆكی هەرێمی كوردستان و سه‌رۆكی ئیمارات كۆ بوونەوە

ئێوارەی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممە، نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌ بانگهێشتى فه‌رميى شێخ محه‌مه‌د بن زايد ئال نه‌هيان سه‌رۆكى ئيمارات، گه‌يشته‌ ئه‌بوزه‌بي و لەگەڵ ناوبراو كۆ بووەوە. له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كى دۆستانه‌دا، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و به ‌تايبه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئيمارات، دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، بواره‌كانى هاريكاريى هاوبه‌ش و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌، تاوتوێ كران. هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه‌ و باسيان له‌ ده‌رفه‌ته‌كان و زه‌مينه‌ى له‌بارى سه‌رمايه‌گوزارى و وه‌به‌رهێنان بۆ كه‌رتى تايبه‌تى ئيماراتى و فراوانكردنى ئالوگۆڕى بازرگانيى ئيماراتى له‌گه‌ڵ‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق كرد. ده‌رباره‌ى گفتوگۆى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق، هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، يارمه‌تيى به‌رقه‌راربوونى ئارامى و سه‌قامگيريى سياسى و ئابووريى عێراق ده‌دات و ئاسۆى فراوانترى پێشكه‌وتن له‌ به‌رده‌مياندا ده‌كاته‌وه‌. سه‌رۆكی هەرێمی كوردستان و سه‌رۆكی ئیمارات، ئالنگارييه‌كانى ئێستاى ناوچه‌كه‌ و جيهانيان خسته‌ به‌ر باس له‌ گۆڕانى كه‌شوهه‌وا و ڕێكاره‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌و‌ه‌ى مه‌ترسييه‌كانى، هه‌ڕه‌شه‌كانى تيرۆر و بيرى توندڕه‌وى و توندوتيژى و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌يان، بواره‌كانى په‌روه‌رده‌، ئاو، ته‌ندروستى و چه‌ند بوارێكى ديكه‌. هەروەها به‌ وردى ده‌رباره‌ى دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌ و جه‌ختيان له‌ گرنگيى پته‌وكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى نێوان هه‌مووان كرده‌وه‌ بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و چاره‌سه‌ركردنى ئاشتيانه‌ى كێشه‌ و ناكۆييه‌كان. په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.