كێشەی پیاوه‌ بەساڵاچووە بێلانه‌كەی هەولێر چارەسەری كرا

 بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێددانی كۆمەڵایەتیی هەولێر، رای گەیاند، دوای ئەوەی شه‌وی ڕابردوو ڤیدیۆی بەساڵاچوویەكی بێلانە لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن بڵاو بوویەوە، تیمێكی خانەی بەساڵاچووانمان ڕاسپارد، بە شێوەی مەیدانی سەردانی بەساڵاچووەكەیان كرد و بۆ خانەی بەساڵاچووانیان گواستەوە. ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 11/3/2023، یووسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێددانی كۆمەڵایەتیی هەولێر، رایگه‌یاند: لە ئەنجامی بەدواداچوون و گواستنەوەی بەساڵاچووەكە بۆ خانە، بۆمان دەركەوت ئەم بەساڵاچووە خەڵكی حللەیە و پێشتریش تیمی خانەی ئێمە داوایان لێكردبوو بێتە خانە، بەڵام بە داخەوە بە هۆی ئاڵوودەبوونی بە خواردنەوە كهولییەكان ئامادە نەبوو لە خانەی بەساڵاچووان بژیت. روونی كردەوە، بۆ ڕێز گرتن لە هەست و سۆزی هاووڵاتییانی خۆشەویستمان، داواكارین لە كاتی بوونی ئەم حاڵەتانە، پێش وێنەگرتن و بڵاو كردنەوەیان لە ڕاگەیاندنەكان، خانەی بەساڵاچووان لێی ئاگادار بكەنەوە. زیاتر گوتی، سوپاس بۆ بەڕێوەبەری خانە و تیمەكەمان كە سەعات یەكی شەو بەو ئەركە هەستان كێشەی ئەو بەساڵاچووەیان چارەسەر كرد.