ئەمڕۆ دووشەممە پەیمانگەی ستۆكهۆڵمی نێودەوڵەتی بۆ لێكۆڵینەوەی ئاشتی بڵاوی كردەوە كە ساڵی رابردوو داهاتی ئەورووپا لە فرۆشتنی چەك دوو هێندە زیادی كردووە، دەشڵێ مەترسیی هەیە بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنان و كڕین و فرۆشتنی چەك، ئاگری شەڕ بگەیەنێتە ناوخۆی یەكێتیی ئەورووپا. بەپێی راپۆرتەكە، كە تۆڕی هەواڵی (سكای نیوز) بڵاوی كردووەتەوە، پسپۆران و چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەو هەموو چەكەی لە ساڵی رابردووەوە بەهۆی شەڕی رووسیا بۆ سەر ئۆكراینا لە كۆگاكان دەرهێندراون و بەشێكی زۆریان نێردراون بۆ ئۆكراینا و لە بەرانبەریشدا وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا دەستیان كردووە بە كڕینی چەكی زیاتر، لە كۆتاییدا بەسەر ئاسایشی یەكێتیی ئەورووپادا دەشكێتەوە. پەیمانگە سویدییەكە دەڵێ لە 2018- 2022دا، داهاتی ئەورووپا لە چەك، بە ڕێژەی 47٪ زیادی كردووە بە بەراورد بە پێنج ساڵی پێش خۆی و ئەم ڕێژەیەش بە سرووشتی نازاندرێ، بەڵكو پێشبینی ڕوودانی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵۆزتر لە ناوچەكە دەكرێت، بە تایبەتی دوای ئەوەی ڕێژەیەكی زەبەلاحی چەكی قورس رەوانەی ئۆكراینا كراوە.