دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی ئاشكرای كرد، بەرپرسێك لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق سزای زیندانیی بۆ دەرچووە، چونكە 100 ملیۆن دیناری لە بەرامبەر گرێبەستێك وەرگرتووە. ئەمڕۆ شەممە 18/3/2023، فەرمانگەی لێكۆڵینەوەی دەستەی دەستپاكیی عێراقی فیدراڵ، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و وێنەیەكی دەست (باسنیوز) كەوتووە، تێیدا هاتووە: “دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بڕیاری زیندانیکردنی 10 ساڵ و پێبژاردنی 10 ملیۆن دیناری بۆ بەرپرسی كاروباری یاسایی وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەركرد.” سەبارەت بە هۆكاری ئەو بڕیارە توندە، دەستەی دەستپاكیی عێراق ئاشكرای كردووە: “لەبەر ئەوەی ئەو بەرپرسە 100 ملیۆن دیناری وەكوو بەرتیل لە کۆمپانیایەک وەرگرتووە لە بەرامبەر گرێبەستێکی چاپکكردنی كتێب لە وەزارەتەكە.” ئاماژە بەوەش دراوە: “پاش ئەوەی دادگای تاوانەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی هەموو بەڵگەكانی دەست كەوت و هەموویان بڕواپێكەر بوون، بۆیە دادگا بڕیاری دژی ئەو كەسە دەركردووە.”