وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا سوپاسی هاوكارییه‌كانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ده‌كات

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا پێشوازی لە سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکات و سوپاسی ده‌زگاکە دەکات کە له‌ كاتی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی 6ی شوبات هاوكاری توركیایان كرد. مه‌ولوود چاوشئۆغلو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، تویتێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەداوە: “پێشوازیمان له‌ مووسا ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی کرد، کە له‌كاتی بوومه‌له‌رزه‌كه‌دا هاوكاری توركیایان كرد”. هەروەها وەزیری دەرەوەی تورکیا دەشڵێت: “ئێمە سوپاسگوزارین بۆ پشتگیری و هاودەنگییان”. لە 6ی شوباتی رابردوو بوومەلەرزەیەکی بەهێز باکووری کوردستانی لە تورکیا گرتەوە و لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی، تیمێکی گەورەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ هاوكاریكردنی و به‌هاناوه‌چوونی كه‌سوكاری لێقه‌وماوانی قوربانییانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ گەیشتنە توركیا و باكووری كوردستان.