پەرلەمانتارێکی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بە بوونی باجێکی زۆری ناو پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق دەکات و ڕایدەگەیەنێت پێش پەسندکردنی بودجە، لایان دەدەن. غەریب ئەحمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند:”بودجەی ۲۰۲۳ى عێراق گەورەترین بودجەیە لە مێژووی عێراق، کە زیاتر لە ۱۹۹ ترلیۆن دینار واتە دەکاتە ۱٥۲ ملیار دۆلارە”. گوتیشی:” کورتهێنان لەو بودجەیە زیاترە لە ٦٤ ترلیۆن دینارە، ئەوەش گەورەترین کورتهێنانە لە مێژووی عێراق و ۳٦ ترلیۆن زیاترە لە کورتهێنانی بودجەی ۲۰۲۱”. باسی لەوەش کرد:”پێشبینیکردنی نرخی نەوت بە ۷۰ دۆلار یەکێکە لە گرفتەکان، کە هیچ وڵاتێکی نەوتی ناوچەکە بودجەی لەسەر ئەو نرخە دانانەوە بۆیە هەر دابەزینێك لە نرخی نەوت کورتهێنان لە بودجە زیاتر دەکـات، بەتایبەت کە عێراق وەك وڵاتانی ناوچەکە سندووقێکی پاڵپشتی نییە بۆ ئەوکاتانەی نرخی نەوت دادەبەزێت”. غەریب ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد:” ژمارەیەک باجی زۆر لەناوپڕۆژە یاساکە دانراون یەکێک لەوانە ئەوەیە هەر هاووڵاتێکی عێراقی گەشتی دەرەوەی وڵات بکات لە فڕۆکەخانە ۲٥ هەزار دیناری وەکو ڕسومات لێ وەردەگیرێت بۆیە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە هەوڵێک هەیە کە بەشێکی زۆر لەو باجانەی لە پرۆژە یاسای بودجەی ۲۰۲۳ دانراون، لاببرێن”.