بەوێنە.. بازاڕی تایبەت بە شەوانی ڕەمەزان لە دهۆک کرایەوە

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند، بە شێوەیەکی فەرمی بازاڕی تایبەت بە شەوانی ڕەمەزانی پیرۆز لە پارێزگای دهۆک کرایەوە. ڕیوار مەحمەد ڕەشید، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری پارێزگای دهۆک، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”بە ئامادەبوونی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و گۆهدار شێخۆ، سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و د. عەلی خەیری، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای دهۆک و جەماوەری پارێزگای دهۆک و ژمارەیەکی زۆر گەشتیار بە شێوەیەکی فەرمی لە ترمیناڵی نێودەوڵەتیی دهۆک بازاڕی تایبەت بە شەوانی ڕەمەزان کرایەوە. ئەمە یەکەمین جارە بازاڕی تایبەت لە شەوانی ڕەمەزاندا دەکرێتەوە و دەکەوێتە خزمەت خەڵکەوە.” ئاشکرایشی کرد: ”ئەو بازاڕە پێک هاتووە لە ژمارەیەکی زۆر دووکان کە هەموو پێداویستیی خەڵک لەو دووکانانەدا هەیە و دەتوانن بە شەوانی ڕەمەزان سەردانی ئەو بازاڕە بکەن بۆ کڕینی کەلوپەل و هەرشتێکی بۆ مانگی پیرۆزی ڕەمەزان پێویستیان بێت.”