رووسیا چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لە بیلاڕووسیا جێگیر دەکات

سەرۆکی ڕوسیا جێگیرکردنی 10 فڕۆکەی توانای هەڵگرتنی چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لە بیلاڕووسیا ڕاگەیاند. ئەمڕۆ شەممە 25/3/2023، ئاژانسی هەواڵی تاس لە زاری ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕوسیا ڕایگەیاندووە، ڕووسیا ڕێککەوتنێکی لەگەڵ بیلاڕووسیای دراوسێی بۆ جێگیرکردنی چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لەسەر خاکی ئەو وڵاتەکە ئەنجامداوە. هەروەها ئاژانسەکە لە زاری پوتینەوە بڵاویکردووەتەوە: “لەگەڵ سەرۆکی بیلارووسیا ڕێککەوتین کە چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لە بیلاڕووس دابنێین بەبێ ئەوەی ڕژێمی نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی پێشێل بکەین”. پوتین لە چاوپێکەوتنێکدا کە لە تەلەفزیۆنی ڕووسیا پەخشکرا رایگەیاند: “ئەمریکا دەیان ساڵە ئەم کارە دەکات، ماوەیەکی زۆرە چەکی ئەتۆمی تاکتیکی خۆی لە سەر خاکی هاوپەیمانەکانی جێگیر دەکات و ئێمەش ڕێککەوتین کە هەمان شت بکەین”. پوتین لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بیلارووسیا، ماوەیەکی زۆرە پرسی جێگیرکردنی چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لە وڵاتەکەی کە هاوسنوورە لەگەڵ پۆڵەندا، دەوروژێنێت. پوتین راشیگەیاندووە: “ڕووسیا تاوەکوو 1ی ​​تەممووزی داهاتوو دروستکردنی دامەزراوەیەکی تاکتیکی هەڵگرتنی چەکی ئەتۆمی لە بیلاڕووس تەواو دەکات”.