زیاتر لە سێ هەزار دەرچووی یەكەمی زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان دادەمەزرێن

بەرپرسێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، دەرچووە یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان، كە لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان نیشتەجێن، لەسەر میلاكی حكوومەتی فیدراڵی دادەمەزێن. فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “ناوی هەموو یەكەمەكانی زانكۆكانان، كە خەڵكی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانن، دراوەتە وەزاەرتی خوێندنی باڵای عێراق و ئەوانیش داویانە بە ئەنجوومەنی گشتیی راژە، بە مەبەستی دامەزراندنیان لەسەر میلاكی حكوومەتی فیدڕاڵی.” ئاماژەی بەوەش دا: “ئەوانە دەگرێتەوە، كە لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان خوێندوویانە، بەڵام دانیشتووی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانن.” فارس عیسا ئاشكراشی كرد، ژمارەی ئەو دەرچووە یەكەمانە سێ هەزار و 132 كەسە و لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەموو وردەكارییەكانیان دراوەتە حكوومەتی عێراقی فیدراڵ. بەپێی نووسراوێكی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، كە لە 15ی 3ی 2023 بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق نێردراوە، تیایدا وردەكاریی ناوی یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان، كە دانیشتووی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانن نێردراوە، كە ژمارەیان هەزار و 417 كەسە و بۆ دامەزراندنیان بودجە تەرخان كراوە. لەسەرێكی دیكەوە، بەپێی نووسراوێكی دیكەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، ناوی هەزار و 715 دەرچووی بەشە پزیشكییەكانی زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان،و كە دانیشتووی كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانن، بۆ وەزارەتی تەندروستی نێردراوە، بۆ دامەزراندینان لەسەر میلاكی حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ. بەپێی راگەیاندراوی ئەنجوومەنی ڕاژەی فیدڕاڵی، زیاتر لە 43 هەزار داواکاریی دەرچووانی ساڵانی پێشوو، ناویان خراوەتە لیستی دامەزراندنەوە و كارەكانیان تەواو كراوە و چاوەڕوانی ڕەزامەندیی لایەنە پەیوەندیدارەکانن، بەتایبەت وەزارەتی دارایی، بۆ دەست بەکاربوونیان.