مانگرتنەكانی فەرەنسا، تاوەری ئیفێلیشی داخست

ئەمڕۆ سێشەممە تاوەری ئیفێل لە پاریس بەهۆی مانگرتن و خۆپیشاندانەكانی فەرەنساوە داخرا. لەمبارەیەوە فەرمانگەی تاوەرە ناودارەكەی فەرەنسا و جیهان بڵاوی كردەوە كە بەهۆی مانگرتنی كارمەندەكانیەوە كە ژمارەیان 350 كەسە، تاوەرەكە داخراوە، بەڵام لە سبەینێ چوارشەممەوە تاوەرەكە بە ڕووی سەردانیكەران و گەشتیاراندا دەكرێتەوە. چەند ڕۆژێكە مانگرتن و خۆپیشاندانی بەرفرەوان شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا و گەورە شارەكانی تری وڵاتەكەی گرتووەتەوە، ئەمەش بەهۆی ناڕەزایی دەربڕین لە سیستەمی نوێی خانەنشینی لە وڵاتەكە. بەهۆی مانگرتنەكانەوە، ئەمڕۆ هەریەك لە مۆزەخانەی لۆفەر و كەوانەی سەركەوتن و كۆشكی ڤێرسای لە پاریس داخرابوون، كە ڕووگەی سەرەكیی گەشتیارانن لە فەرەنسا.