نەتەوە یەكگرتووەكان ئاگەدارییەكی مەترسیداری لەبارەی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمییەوە بڵاو كردەوە

ئەمڕۆ دووشەممە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان رای گەیاند لەوەتەی كۆتاییهاتنی شەڕی ساردەوە، هیچ كاتێك وەكو ئێستای جیهان مەترسی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی لە ئارادا نەبووە. ئیزۆمی ناكامیتسۆ كۆمسیاری ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری داماڵینی چەك لە لێدوانێكدا ئاشكرای كرد كە مەترسیی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی گەیشتووەتە بەرزترین ئاست. ناكامیتسۆ لە میانی كۆبوونەوەی لیژنەی كاروباری داماڵینی چەك لە ڕێكخراوە جیهانییەكەدا ئاماژەی بەوە داوە كە بانگەشە و هەڕەشەكانی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی، مەترسییەكی راستینە دروست دەكەن و ئێستا جیهان لە قۆناغێك دایە كە مەترسیی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی بووەتە راستی. ئەوەشی دووپات كردووەتەوە كە مەترسیی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی لە ڕێگەی خۆویستانە بێت، یان بە هەڵە تێگەیشتن و لە ڕێگەی هەڵە بەكارهێنانەوە بێت، گەیشتووەتە ئەوپەڕی و تەنانەت لە سەردەمی شەڕی ساردیشدا هێندە مەترسی لەئارادا نەبووە.