راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئه‌مەریكا، رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا بە مێژوویی وەسف دەكات

راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئه‌مەریكا لە راگەیەندراوێکدا پێشوازی لە رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا بۆ دووبارە هەنارەدەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات و پێی وایە ده‌بێته‌ مایه‌ی به‌هێزبوونی سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆیی عێراق. ئەمڕۆ هەینی جه‌یك سولیڤان راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئه‌مەریكا راگەیەندراوێکی له‌ باره‌ی رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا لەبارەی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمەریکا پێشوازی لە رێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێ: “پێزانیمان بۆ رێككه‌وتنی وزەی نێوان هەولێر و بەغدا‌ هه‌یه.” جەیک سۆلیڤان رێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدای بە “مێژوویی” ناو بردووە و دەڵێ: “حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر هەناردەکردنی نەوت و بەڕێوەبردنی داهاتەکان لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا، گەیشتنە رێکەوتنێکی مێژوویی. ئەم ڕێککەوتنە ڕێگا خۆش دەکات بۆ پەسەندکردنی بودجەیەکی چەند ساڵە کە ئێستا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە، هەروەها دواجار یاسای هایدرۆکاربۆنەکان بۆ سەقامگیری درێژخایەن و پێشبینیکردن لە کەرتی وزەی عێراقدا.” ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەندراوەكەیە: پێشوازی لەو پێشکەوتنە بەرچاوەی ئەم هەفتەیەی عێراق دەكەین سەبارەت بە گرێبەستە وزەییەکان کە سەروەری و سەربەخۆیی و خۆشگوزەرانی ئابووری عێراق زیاتر بەهێز دەکەن. یەکەم: حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتنە ڕێککەوتنێکی مێژوویی لەسەر هەناردەکردنی نەوت و بەڕێوەبردنی داهاتەکان لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا. ئەم ڕێککەوتنە ڕێگە خۆش دەکات بۆ بودجەیەکی چەند ساڵە کە ئێستا لەبەردەم ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدایە و دواجار یاسای هایدرۆکاربۆنەکان بۆ سەقامگیری درێژخایەن و پێشبینیکردن لە کەرتی وزەی عێراقدا. دووەم: حکوومەتی عێراق گەیشتە ڕێککەوتنێکی بێ وێنە بە بڕی 27 ملیار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیای تۆتال ئینێرجیی فەرەنسا، لە نێویاندا پڕۆژەیەک هەیە بۆ ئەوەی بتوانرێت غازی سووتاو لە باشووری عێراق کۆنترۆڵ بکرێت و بەکاربهێنرێت. ئەم پڕۆژە مێژووییە دوای جێبەجێکردنی، دابینکردنی کارەبا بۆ بەرژەوەندی گەلی عێراق زیاد دەکات، خۆبژێوی وزەی عێراق بەرەوپێش دەبات، کاریگەرییە زیانبەخشەکانی کەشوهەوا لە غازی سووتاو لە باشووری عێراق کەم دەکاتەوە، هەروەها ڕێگە بە هەناردەکردنی بەرهەمە غازییەکان دەدات بۆ بازاڕە نوێیەکان. خۆشحاڵین کە کۆمپانیاکانی قەتەر و سعودیە و ئەمریکا ڕۆڵی گرنگ لەم پڕۆژە ژێرخانیەدا دەگێڕن. ئەمریکا شانازی دەکات بە پاڵپشتی ئەمانە و پڕۆژە ناوچەییەکانی دیکە و دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییە بەردەوامەکان بۆ پێشخستنی ناوچەیەکی سەقامگیرتر و بەیەکەوە گرێدراوتر و ئاوەدانتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە دواجار سوودی بۆ ئەمریکا و گەلی ئەمریکا دەبێت.