شارەزایەکی بواری کەشناسی زانیاریی نوێ لەبارەی شەپۆلی ئەمجارەی بارانبارین دەخاتە روو، ئاماژە بەوە دەکات کە شەپۆلی ئەمجارە بە رادەیەک بەهێزە لە سێ ساڵی ڕابردوودا وێنەی نەبووە. ئەمشەو شەممە 8/4/2023، شاڵاو هیدایەت، شارەزای بواری کەشناسی بڵاویکردەوە: “لە ئەمرۆ و ڕۆژانی داهاتوو تا ناوەڕاستی هەفتە بەهۆی هاتنی بڕێک هەور ئاسمانی ناوچەکان بەگشتی لەنێوان نیمچە هەوری و هەوری دەبێت جۆری هەورەکان زیاتر لەهەوری بەرز دەبن و لەهەندێ شوێن ئەگەری نمە باران و بارانی کەم کراوەیە لەزۆربەی ناوچەکانیش کەش سەقامگیر دەبێت پلەکانی گەرما لەڕۆژانی داهاتودا 1 تا 3 بەرزدەبێتەوە خێرایی با ئاسایی بۆ مام ناوەند دەبێت”. ئەوەشی خستووەتە روو: “لە ڕۆژی سێشەممە بەولاوە بەزۆری هەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارینەوە بەهۆی کاریگەری ناوچەیەکی پەستان نزمی بەرفراوانی دەریای ناوەڕاست و هاتنی تۆپەڵە هەوایەکی شێداری خولگەیی و هێنانی بڕێک شێی دەریای سوور لهگەڵ خۆیدا و کارتێکردنی لەسەر دۆخەکە پێشبینی دەکەین لەڕۆژی سێشەممەوە کە دەکاتە 11ی4 سەرەتا شەپۆلی بارانبارین لە ناوچەکانی باکوورو خۆرئاواوە دەستپێبکات بە تێپەڕبوونی کات و بە تایبەت شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە و چوارشەممە و پێنجشەممە سەرجەم ناوچەکان دەگرێتەوە”. ئاماژەشی بەوەداوە: “ڕۆژانی 12 و 13ی مانگ شەپۆلەکە قوڵ دەبێتەوە و دەگاتە لوتکەی بەهێزی و چڕ بوونەوە، هاوکات پێشبینی بڕی باران بۆ ناوچەکان لە 60 ملمەوە تا سەرووی 200 ملم دەکەین لەگەڵ ڕوودانی هەورە بروسکەی بەهێز و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و ڕوودانی لافاوی کتوپڕ لەسەرجەم ئەو ناوچانەی نزمن و مەترسی لافاویان لێدەکرێت، خێرایی با لەمەودای شەپۆلەکەدا زیاد دەکات تایبەت کاتی تاوە بارانەکان و لەگەڵ بارینی تەرزه بەسەرناوچە و شوێنی جیاواز، بەهۆی تێکەڵبوونی بارستە هەوایەکی سارد بەشەپۆلەکە پلەکانی گەرما 6 تا 8 دادەبەزێت لەمەودای شەپۆلەکەدا لەگەڵ بارینی بەفر لەناوچە شاخاوییە کوێستانە بەرزەکان ڕۆژی 14ی مانگیش کە دەکاتە هەینی بەهۆی پاشماوەی شەپۆل و هەوری ناوخۆیی لەناوچەی جیا جیا ئەگەری تاوە باران هەیە”. شاڵاو هیدایەت راشیگەیاندووە: “گەر گۆڕانکاری ئەوتۆ ڕوونەدات شەپۆلی ئەم هەفتەیە شەپۆلێکی بەهێزی وا دەبێت کە لە سێ ساڵی ڕابردوودا وێنەی نەبووە، هەروەها شەپۆلەکانی دابارین لەم مانگە و مانگی داهاتوو بەردەوامیان دەبێت”.