سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر کۆ دەبێتەوە و میوانداریی جێگری پارێزگاری ھەولێر دەکات

کاتژمێر ١٠:٣٠ی بەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١٠/٤/٢٠٢٣، کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە ١٠٧ی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر لە دیوانی ئەنجوومەنی پارێزگا بە میوانداریی جێگری پارێزگاری ھەولێر بەڕێوە دەچێت. لەم بارەیەوە، کەنعان خەیلانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”سبەی لە بارەگای ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە (١٠٧)ی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر بە ئامادەبوونی  سەرۆک و سکرتێر و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر بەڕێوە دەچێت.”  دەربارەی کارنامەی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند: ”ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر میوانداریی بەڕێز مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری ھەولێر دەکات بۆ باس و تاوتوێی ئەو کار و چالاکی و پرۆژانەی لە شاری ھەولێر جێبەجێ کراون و ئەوانەی لە قۆناغی جێبەجێکردندان و ئەو پڵانانەی وەک پارێزگاری ھەولێر لە داهاتوودا جێبەجێیان دەکەن.” گوتیشی: ”تەوەرێکی دیکەی دانیشتنەکە تایبەت دەبێت بە وشکەساڵی، چونکە ھەندێک جار تووشی گرفتی لەم جۆرە دەبینەوە و بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان دەکرێت، ئەمساڵیش ھەرچەند بارانی زۆر باری، بەڵام دەمانەوێت بزانین ئەگەری ڕوودانی وشکەساڵی چەندە.”