لە شنگال گوندێکی نوێ لە تەنیشت گوندە کۆنەکەی کۆچۆ دروست دەکرێت

قایمقامی قەزای شنگال ڕایگەیاند، گوندی کۆچۆ دەبێتە مۆزەخانەی جینۆسایدی شنگال و هەموو تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش لەناو گوندەکەدا وەکوو خۆیان دەمێنن، بۆ ئەوەی هەر کەسێک سەردانی شنگال بکات، ببینێت تیرۆریستانی داعش ساڵی 2014 چییان بەسەر ئێزدییاندا هێناوە. گوتیشی، لە تەنیشت گوندە کۆنەکەی کۆچۆ گوندێکی نوێ دروست دەکرێت. نایف سەیدۆ، قایمقامی قەزای شنگال بەوەکالت، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”گوندی کۆچۆ لە شنگال یەکێکە لەو گوندانەی ئێزدییان کە ساڵی 2014 لە کاتی هێرشی هۆڤانەی تیرۆریستانی داعشدا خەڵکی گوندەکە لەلایەن ئەو تیرۆریستانەوە دەستبەسەر کران و لە قوتابخانەی گوندەکەدا کۆ کرانەوە و کۆمەڵکوژ کران. ئێستا بڕیار دراوە گوندی کۆچۆ ببێتە مۆزەخانەی جینۆسایدی شنگال و گوندە کۆنەکە ئاوەدان ناکرێتەوە، بەڵام لە تەنیشت گوندە کۆنەکەوە گوندێکی نوێ بۆ زیان‌لێکەوتوانی گوندی کۆچۆ دروست دەکرێت.” ئاشکرایشی کرد: ”ڕێکخراوێک گوندە تازەکە لە تەنیشت گوندە کۆنەکەی کۆچۆ دروست دەکات کە زیاتر لە 100 خانوو دەبێت.”