ئەمڕۆ سێشەممە هەواڵی فڕێدانی چوار منداڵ لەلایەن باوكیانەوە لە شەقامێكی بەغدا، بووە بابەتی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و لە میدیاكانی عێراق دەنگدانەوەیەكی گەورەی دروست كرد. بەپێی سەرچاوەیەكی ئەمنی، باوكێك سێ كچ و كوڕێكی خۆی لە شەقامێكی ناوچەی حەبیبیەی شاری سەدری رۆژهەڵاتی بەغدای پایتەختی فیدراڵی فڕێ داوە و خۆیشی بەرەو شوێنێكی نادیار ڕۆیشتووە. هەواڵەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە باوكەكە هۆگری مادە هۆشبەرەكانە و تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە، بەڵام هێزێكی فریاكەوتنی رەسافە منداڵەكانی هەڵگرتووەتەوە و ئێستا براونەتە شوێنێكی داڵدەدانی منداڵانی بێ دایك و باوك.