ئاكرێ.. مەڕدارێك، مەڕوماڵاتەكەی لە لافاو رزگار كرد خۆی گیانی لەدەست دا

لە سنووری قەزای ئاكرێ، مەڕدارێك دوای چەند كاتژمێرێك لە هەوڵدان بۆ رزگاركردنی مەڕوماڵاتەكەی لە لافاو، خۆی گیانی لەدەست دا. پەیامنێری(باسنیوز) لە سنووری ئاكرێ، رای گەیاند، ئەمشەو لە گوندی “كۆزادارێ”ی سەر بە قەزای ئاكرێ، مەڕدارێك بە ناوی مستەفا مووسا، دوای ئەوەی لافاو دەڤەرەكە دەگرێتەوە و دەچێت مەڕوماڵاتەكەی رزگار دەكات، دواتر دەگەڕێتەوە ماڵەوە و بە هۆی جەڵتەی دڵەوە گیان لەدەست دەدات. كەسوكارەكەی ئاماژەیان بە ئەوە داوە كە بە هۆی ئەوەی رێگای ئۆتۆمبێل داخراوە و ئاوێكی زۆر لە دەڤەرەكە كۆ بووەتەوە، ئەو كەسەیان بە كۆڵ گواستووەتە بۆ نەخۆشخانە بەڵام دەركەوتووە كە بەر لە گەیشتنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە. پزیشكەكان رایانگەیاندووە كە بە هۆی هەوڵدان و كاركردن بۆ رزگاركردنی ماڵاتەكەی، مەڕدارەكە تووشی هیلاكییەكی زۆر بووە و ئەمەش بووەتە هۆی جەڵتەكە.