سلێمانى.. بەهۆى بارانی دوو ڕۆژى ڕابردوو 70 فیدەرى کارەبا زیانیان پێ گەیشتووە

گوتەبێژى کارەباى سلێمانى ئاماژەى بەوە دا کە بەهۆى بارانى دوو ڕۆژى ڕابردوو، نزیکەى 70 فیدەرى کارەبا زیانیان پێ گەیشتووە و تیمەکانى کارەبا سەرقاڵى چاککردنەوەیان. سیروان محەمەد، گوتەبێژى کارەباى سلێمانى، بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “بەهۆى بارانى بە لێزمە و ڕشەباى دوو ڕۆژى ڕابردووەوە، 66 فیدەری کارەبای  ١١ کەی ڤی و چوار  فیدەری  ٣٣ کەى ڤى لە ناوەوە و دەرەوەى شارى سلێمانى زیانیان بەر کەوتبوو و هەندێکیشیان لەکار کەوتبوون”. گوتیشى: “دواى ڕاسپاردنى تیمەکانى چاکسازیى کارەبا، توانرا فیدەرەکانى ناو شارى چارەسەر بکرێن و ئێستا کارەبایان بۆ گەڕاوەتەوە و ئەوانەى دەرەوەى شاریش هەندێکیان چاک کراون و ئەوانەى دیکەش کاریان لەسەر دەکرێت و خەریکە چاک دەکرێنەوە.”