حەسیبە سەعید گەردی لە وەڵامی شادی نەوزاد: سمێڵە تاشراوەکانی کوڕی عەلی شاماری پاسەوانی هاوسەرۆکتان بینیوە؟

ئەمڕۆ دووشەممە حەسیبە سەعید گەردی پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی بە توندی وەڵامی لێدوانێكی شادی نەوزاد پەرلەمانتاری یەکێتی داوەتەوە و پێی دەڵێ تۆ پێت وایە ئەوەی لە ھەولێر ڕوودەدات، لە زۆنی حزبە نوێیەکەت ڕوونادات؟ لەناو دادگادا لە خوشک و دایکی تاریقی بەقاڵتان دا، لەسەر شەقام شەق لە کەللەسەری خوێندکار درا، ئامانج بابان و خێزانی و منداڵەکەیان لەناو ئۆتۆمبێلەکەیان تیرۆر کران. حەسیبە سەعید گەردی لە هەژماری خۆیدا لە (فەیسبووك) هەروەها نووسیویەتی: “لە ھەموو شارە گەورەکانی جیھاندا، تەنانەت لە وڵاتە ھەرە پێشکەوتووەکانیش، ڕۆژانە چەندان ڕووداو ڕوودەدەن، ئەوە فۆڕمێکی نۆرماڵی وەرگرتووە، چونکە بەریەککەوتنی مرۆڤەکان لە ڕووی بەرژەوەندی و لە ڕووی جەستەیی و فکرییەوە لە زۆر ڕووی ترەوە پێچەوانەی حەز و بەرژەوەندیی یەکن، بەڵام ئەوەی نۆڕماڵ نییە تۆ پەرلەمانتار بیت و لەو شارەی پێت وایە شامی شەریفە، تەسویر بکرێی و ببێت بە ھەڕەشە بۆت.” هەروەها لە شادی نەوزادی پرسیوە: “تۆ پێتوایە ئەوەی لە ھەولێر ڕوودەدات، لە زۆنی حزبە نوێیەکەت ڕوونادات؟ لەناو دادگادا لە خوشک و دایکی تاریقی بەقاڵتان دا، لەسەر شەقام شەق لە کەللەسەری خوێندکار درا، ئامانج بابان و خێزانی و مناڵەکەیان لەناو ئۆتۆمبێلەکەیان تیرۆر کران، دکتۆر شاربەدەر دەکرێ لەسەر گوتنی ڕاستی لەسەر مەواد و دەرمانی قاچاخ، قایمقامی شار دەخنکێندرێ، ھاوسەرۆکی حزب ڕاودەنرێ، تەلەڤزیۆنی حیزبەکەی پێشووت دەسوتێنرێ، بە گرووپ کاسبکارانی بازاڕی دۆلارەکە و بازاڕی جگەرەکە دەگیرێن و سەرانەیان لێ دەسەندرێ، ئەو ھەموو چاوساخییە بۆ دوژمنان دەکرێ بۆ تیرۆری کوردی بەشەکانی تر، پارەی بانکەکان دەبرێت، زەوی تەخشان و پەخشان دەکرێ، بەرپرسە دیارەکانتان لەبری شارەوانی بڕیاری ئیفرازکردنی زەوی دەدەن و بەنایاسایی تاڵانی دەکەن.” هەروەها ئاماژەی بەوە داوە: “ئەگەر فەوزاکانی ئەو شارە بژمێرم، ئەبێ مانگێ نەخەوم، تۆ و ئەمسالی وەکو تۆ بۆ بێدەنگن، یان ڕاستییەکەی ئەوەیە بەشێکن لەو ماکینە گەورەیەی کە خەڵک چەواشە دەکەن. دەنا کەسێک کە حەقیانی بوو دەبێت فەرق و جیاوازی نەکات، ئادەی لەوەتەی بووی بە ئەندامی شێتخانەکەی سۆشیال دیموکرات، دەتوانی تەنھا یەک ڕەخنەت لەو زۆن و دەسەڵاتە گرتبێ پێمان بڵێی، ئەگەر لە دڵی خۆشتا گوتبێتت ھەر قبووڵمانە. بیلموناسەبە باسی سەرتاشین و شت دەکەی، سمێڵە تاشراوەکانی کوری عەلی شاماری پاسەوانی هاوسەرۆکتان بینی؟.”