لەبارەی دامەزراندنی هەزاران كەس هەواڵێكی نوێ رادەگەیەندرێت

روونكردنەوە بەو كەسانە دەدرێت، كە فۆڕمی دامەزراندنیان لە ڕیزی پاسەوانی سنوور پڕ كۆكردووەتەوە و پەرلەمانتارێكیش دەڵێت: “دوای پەسندكردنی بودجە ناوەكان رادەگەیەندرێن، كە بەشی زۆری بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستانە.” سیپان شێروانی، ئەندامی لێژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “رێكاری دامەزراندنی گەنجان لە ڕیزی پاسەوانی سنووری عێراق تەواو بووە و دوای پەسندكردنی بودجەی 2023 ناوەكانیان رادەگەیەندرێت.” ئەوەشی خستە ڕوو، لە بودجەدا پارەی پێویست بۆ دامەزراندنی ئەو كەسانە دیاری كراوە و دەنگی لەسەر دەدرێت. لەناوەڕاستی مانگی كانوونی دووەمی ساڵی 2023دا، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە رێگەی فۆڕمێكەوە دەرگای دامەزراندنی بۆ پاسەوانی سنوور كردەوە، كە لە چەند رۆژێكدا زیاتر لە دوو ملیۆن كەس ناوی خۆیان تۆمار كرد. ئەندامەكەی لێژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش دا، گەنجانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت ناوچە سنووری و دوورەدەستەكان دەرفەتی زیاتریان هەیە، كە پشكی زیاتریان لەم دامەزراندنەدا هەبێت، گوتیشی: “نزیكەی سێ هەزار و 600 كەس لە ڕیزەكانی پاسەوانی سنوور دادەمەزرێن، كە بەپێی بەدواداچوونەكانمان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی عێراق، پێشینەی دامەزراندنەكە بۆ خەڵكی ناوچە سنوورییەكان دەبێت.” خالید محەننا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند: “سەرجەم پڕۆسەی پێشکەشکردنی فۆڕمی دامەزراندن لە پاسەوانی سنوور کۆتایی هاتووە و چاوەڕوانین پڕۆژە یاسای بودجە پەسەند بکرێت بۆ راگەیاندنی ناوەکان.” گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ئاشكراشی كرد، سەرجەم ناوی ئەو کەسانە جیاکراونەتەوە، کە دامەزراندن دەیانگرێتەوە و پڕۆسەکەش تەواو بووە. بەپێی زانیارییەكان، مووچەی ئەو کارمەندانەی سنوور بەپێی بڕوانامه دەبێت و لە ملیۆنێک دینار کەمتر نابێت. ئێستا سێ لیوای پاسەوانی سنوور هەیە، کە ئێستا سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دەپارێزن، لیوای 3ی سلێمانی، لە سنووری خانەقینەوە بەدرێژایی نزیکەی 528 کیلۆمەتر تا سنووری قەندیل دەپارێزێت. لیوای 2ی هەولێر و لیوای 3ی دهۆکیش، پارێزگاریی لە ناوچە سنوورییەکانی قەندیل تا سنووری سووریا دەکەن.