محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ لە دیدارێكی رۆژنامەی (ئەلسەباح)دا دووپاتی كردەوە كە پابەندن بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، گوتیشی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، زیان بە هەموو عێراق دەگەیەنێت. سوودانی ئاماژەی بەوە كردووە كە راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، نەك هەر زیان بە هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت، زیان بە تەواوی عێراق دەگەیەنێت، دەشڵێ ئەم هەفتەیە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەست پێ دەكاتەوە. سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە چەند بابەتێكی جێبەجێكاری هەبوون لە دوای ڕێككەوتن لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و زۆربەیان یەكلا كراونەتەوە. لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانیشەوە رای گەیاندووە كە حكوومەتی فیدراڵی پابەندە بە خەرجكردنی مووچە، جا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بێت یان مووچەی فەرمانبەرانی هەر پارێزگایەك بێت.