ئاساییشی هەولێر، روونكردنەوە سەبارەت بە شەڕەتەقەی نێوان دوو كەس لە شەقامێكی گشتیی شارەكە دەدات

بەڕێوەبەرایەتیی ئاساییشی هەولێر، روونكردنەوە سەبارەت بە ئەو شەڕە دەدات كە لە نێوان دوو كەس لە شەقامی 100 مەتریی شاری هەولێر ئەمرۆ رووی دا و رای دەگەیەنێت كە تۆمەتبارێك دەستگیر كراوە. ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەندراوەكەیە:- ڕاگەیەندراوێک لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێرەوە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی نیسانی 2023, لە شەقامی سەدمەتریی شاری هەولێر، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە شەڕەتەقە لەنێوان دوو هاووڵاتیی دانیشتووی شاری هەولێر ڕوویدا و بەهۆیەوە یەکێک لە تۆمەتبارانی تەقەکەر بەناوی (أ.ع.ش) بریندار دەبێت و بەداخەوە هاووڵاتییەکی دیکەش بەناوی ( ل.ج.ح) بریندار دەبێت. دوابەدوای ئەو ڕووداوە، دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان لەو بارەوە دەست پێ کرد و، لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتباری دووەم بەناوی ( هـ.خ.ق ) دەستیگر کراو پەڕاوی لێکۆڵینەوەی لەبارەی دۆسیەکە کراوەتەوە و ڕەوانەی بەردەم دادوەر کراوە. هاووڵاتییانی بەڕێز و خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە، پاراستنی سەروماڵی هاوشارییان و ئاسایش و ئارامیی شاری هەولێر ئەرکێکە و بەزاندنیان لە لایەن هەرکەس و گرووپێکەوە بێت هێلی سوورە . بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر 20ی نیسانی 2023