مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێكدا بە توندی سەركۆنەی هێرشەكەی ئەمڕۆی سەر گوندی پەلكانەی ڕۆژئاوای كەركووك دەكات و بە هەوڵێكی نەزۆك وەسفی دەكات بۆ تێكدانی كەشی ئەرێنیی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ. لە پەیامەكەدا هاتووە: “هێرشی ئەمڕۆی سەر گوندی پەلکانەی ڕۆژئاوای کەرکووک، هەوڵێکی نەزۆکە بۆ تێکدانی ئەو کەشە ئەرێنییەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ خەریکین دروستی دەکەین بۆ ئاشتەوایی و چارەسەری کێشەکان و هەنگاونان بەرەو سەقامگیری.” سەرۆكی حكوومەت دەشڵێ: “پەلاماردانی کوردانی پەلکانە و هەوڵی گۆڕینی دیموگرافی ناوچەکە لە ڕێگەی ترس و تۆقاندن سەرکۆنە دەکەین و داکۆکی لە جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستوور دەکەینەوە لە پێناو چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و نەهێشتنی ئاڵۆزی لەو ناوچانە و ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بۆ گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق.”