بایدن و هاریس بە فەرمی به‌ربژێریی خۆیان بۆ هه‌ڵبژاردنی 2024ـی ئه‌مریكا ڕادەگەیەنن

 ئەمڕۆ 24ـی 4ـی 2023سێشەممە، جۆ بایدن، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردەوە، ڕایگەیاند کە خۆی و كاملا هاریس جێگری سەرۆک کۆمار دووبارە بۆ هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووی وڵاتەكەیان خۆیان بەربژێر دەكەنەوە. لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا بەناونیشانی “ئازادی”، جۆ بایدن، پەیامی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ساڵی 2020ی دووپات کردەوە، کە بریتیی بوو لە شەڕکردن بۆ “ڕۆحی میللەتەکەمان”، یەکخستنی وڵات و پشتیوانیکردنی چینی ناوەڕاست، بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەم جارەی بە گرتە ڤیدیۆییەکانی ناڕەزایەتییەکەی ٦ی كانوونی دووەمی پایتەختی ئەمریکا دەستپێدەکات. ئاماژەی بەوەش داوە، “ئەمە کاتی له‌خۆڕازیبوون نییه ، هەر بۆیە خۆم كاندید دەكەمەوە . چونکه ئەمریکا دەناسم و دەزانم ئێمە كەسانی باش و شایستەین. هەروەها دەشزانم ئێمه هێشتا وڵاتێکین بڕوامان به ڕاستگۆیی، ڕێزگرتن و مامەڵەکردن بە كەرامەتەوە لەگەڵ یەکتر هەیە. ئێمە پێمان وایە کە هەمووان یەکسانن، و پێویستە هەمووان چانسێكی  دادپەروەرانەیان پێ بدرێت بۆ سەرکەوتن لەم وڵاتەدا.”