95 باوەڕداری توندڕەوی كریستیان بۆ دیداری مەسیح، خۆیان لە برسان دەکوژن

ئەمڕۆ چوارشەممە رۆژنامەی (ستار)ی كینیایی لە زاری بەرپرسانی وڵاتەكەی گواستەوە كە ژمارەی قوربانییانی ئەو تایفە كریستیانەی كینیا كە بۆ دیداری مەسیح، دەستیان بە خۆبرسیكردن كردووە، گەیشتووەتە 95 كەس.

بەپێی رۆژنامەكە، تایفەیەكی توندڕەوی كریستیان لە كینیا كە لەلایەن قەشەیەكەوە بە ناوی ماكنزی ناتنزی ڕێبەرایەتی دەكرێن و ماكنزی داوای لێ كردوون خۆیان برسی بكەن تا بە دیداری مەسیح بگەن، ئەوانیش دەستیان داوەتە خۆ برسیكردن و ڕۆژانە چەند كەسێكیان لە برسان دەمرن.

تەنها ئەمڕۆ چوارشەممە تەرمی پێنج منداڵی لە برسان مردوو، لە گوندی شقوول دۆزراوەتەوە، كە دەكەوێتە باكووری كینیا و سەر بە پارێزگای مالیندییە لە هەرێمی كیلیڤی.

ئاژانسی هەواڵی فەرەنساش دوێنێ سێشەممە بڵاوی كردبووەوە كە بەهۆی ئەوەی لە نەخۆشخانەی مالیندیدا شوێنی هەڵگرتنی تەرم نەماوە، پۆلیسی ناوچەكە پرۆسەی گەڕان بەدوای تەرمی لەبرسان مردووەكانی هەڵپەساردووە.