لەسەر داوای ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی بڕیارێك بۆ بەرژەوەندیی فەرمانبەران دەردەكات و مەرجی ئەندامبوون لە سەندیكاكان بۆ پێدانی دەرماڵە هەڵدەگیرێت.
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، كە تایبەتە بە رێنوێنیی دارایی و لە 17ی 4ی 2023 دەرچووە و كۆپییەكی دەست (باسنیوز) كەوتووە، ئاماژە بە بڕیارێكی تازە بۆ دەرماڵەی فەرمانبەران كراوە.
وەكوو لە نووسراوەكەدا هاتووە: “پاڵپشت بە نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیار درا بە راگرتنی هەر دەقێكی رێنوێنییە داراییەكانمان، كە خەرجكردنی دەرماڵە دەبەستێتەوە بە ئەندامبوون لە سەندیكا و یەكێتییەكان.”
پێشتر بۆ هەندێك لە دەرماڵەكانی مەترسی و پیشەیی، مەرج ئەوە هەبوو، كە فەرمانبەر ئەندامی سەندیكا و یەكێتیی تایبەتمەند بێت و پشتگیریی بۆ فەرمانگەكەی ببات، بەڵام لەمەودوا ئەو خاڵە كاری پێ ناكرێت.
یاسین عەبدولواحید، بەرێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی دارایی، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “لەسەر نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران ئەو رێنوێنییە تازەیە دەركراوە، دەرماڵە لەسەر بنەمای ئەندامبوون لە سەندیكاكان خەرج ناكرێت، بەڵكوو دەبێت لەسەر بنەمای یاسایی بێت و مەرجی خەرجكردنی دەرماڵە ئەندامبوون نییە لە هیچ رێكخراو و سەندیكایەك، بەڵكوو مەرجەكان دەبێت بەپێی یاسا و رێنوێنی و بڕیارەكان بن.”
لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا 17 دەرماڵەی جۆراوجۆر ھەیە و مانگانە 144 ملیار دینار و ساڵانەش یەک ترلیۆن و 700 ملیار دینار بۆ دەرماڵەکان خەرج دەکرێت.