ئەمڕۆ پێنجشەممە (مەڵبەندی ئیمارات بۆ سیاسەت)، لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە ماوەیەكە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕووبەڕووی ژمارەیەك تەنگژەی گەورە بووەتەوە، لە سەرووشیانەوە پەرەسەندنی كێشە و ناكۆكیەكانییەتی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ. لە راپۆتەكەدا هاتووە كە ئێستا حەلبووسی لەبەردەم چەند بژاردەیەكی تاڵ دایە بۆ داهاتووی سیاسیی خۆی، دەشڵێ كێشەی سەرەكیی حەلبووسی ناكۆكییەكانی ئەم دواییەیە لەگەڵ سوودانی، بودجەی گشتیی عێراق و دابەشكردنی ژمارەیەك پۆستی حكوومیە كە لە بەرژەوەندیی حەلبووسیدا یەكلا نەكرانەوە. راپۆرتەكە ئاماژەشی بەوە داوە كە هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعی كە پێكهێنەری سەرەكیی حكوومەتی نوێی عێراقن، لە پشت دەركەوتنی ناكۆكییەكانی نێوان سوودانی و حەلبووسیین. راپۆرتە ئیماراتییەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە لە نێوان هێزە سیاسییە دەستڕۆیشتووەكانی شیعەدا جارێكی تر سیناریۆی لەسەر كار لادانی حەلبووسی هاتووەتە سەر مێزی گفتوگۆ، بەتایبەتییش دوای لێدوانە ئاشكراكانی ئەم دواییەی هاوپەیمانیی عەزمی عەرەبی سوننی لەبارەی ئەگەری ناچاركردنی حەلبووسی بەدەست لەكار كێشانەوە.