لەسەر بودجەی پەرەپێدانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەست كراوە بە جێبەجێکردنی پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆی لوولەیی لە گەڕەكی ئەیلوول لە قەزای ناوەندیی سۆران. لەم بارەیەوە، ئەحمەد مستەفا، بەرپرسی ڕاگەیاندنی سەرۆكی شارەوانیی قەزای ناوەندیی سۆران، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”لە درێژەی كار و پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆی لوولەیی لە گەڕەكی ئەیلوول لە سەنتەری قەزای ناوەندی سۆران كەوتە واری جێبەجێكردنەوە”. گوتیشی: ”گوژمەی پرۆژەكە بریتییە لە 210 ملیۆن و 135 هەزار دینار، لەسەر بودجەی پەرەپێدانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە سەرپەرشتیی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سۆران، لەلایەن كۆمپانیای هەڵبین جێبەجێ دەكرێت.” ئاماژەی بەوەش دا: ”دەرخستەی چەندین پرۆژەی دیكەش بۆ سنووری قەزای سۆران ئامادەیە، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی و دابینكردنی بودجە دەست بە جێبەجێكردنیان دەكرێت.”