لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەند حاڵەتێکی هەوکردنی پەردەی مێشک لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە تۆمار کرا، لەم بارەیەوە وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای (باسنیوز)ەوە نوێترین زانیارییەکان دەربارەی ئەو نەخۆشییە ڕادەگەیەنێت. د. سامان بهرزنجى، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ئەم نەخۆشییە پێشتریش هەبووە و نوێ نییە، بۆیە پێویست ناکات خەڵک بترسن و وا بیر بکەنەوە کە ئەم نەخۆشییە وەکوو کۆرۆنا بڵاو دەبێتەوە. سوپاسی بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستیی سلێمانی و هەڵەبجە دەکەم بۆ خزمەتەکانیان لە بواری دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە و پێشکەشکردنی چارەسەر بە نەخۆشەکان.” وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەش دا: ”وەزارەتی تەندروستی دوو لیژنەی بۆ ئەو بابەتەکە ڕاسپاردووە، لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی نەخۆشییەکە و لیژنەکەی دیکەش بۆ پێشکەشکردنی هەرجۆرە چارەسەرێکی پێویست بۆ نەخۆشەکان. ئەو دوو لیژنەیە لە ڕۆژانی ڕابردوودا سەردانی ئەو ناوچانەیان کردووە کە ئێستا خەڵک لەوێ چارەسەر وەردەگرن.” گوتیشی: ”هەر لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی عێراق و ڕێکخراوە جیهانییەکان لەسەر خەتین و بەردەوام خەریکی دانوستانین و دووپاتی دەکەینەوە کە ئەو نەخۆشییە مەترسیی نییە و بەخۆشییەوە تا ئێستا پەککەوتن و مردن بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە نەبووە و چارەسەری هەیە و بەردەوام چارەسەر پێشکەش بە نەخۆشەکان دەکرێت. داوا لە دایک و باوکان دەکەم بەردەوام ڕێنوێنییەکان ڕەچاو بکەن تاکوو منداڵەکانیان لە هەموو نەخۆشییەک پارێزراو بن.” وەزیری تەندروستی ئەوەیشی نەشاردەوە: ”هەندێک ڕاگەیاندن لە قەبارەی نەخۆشییەکە زیاتر دایک و باوکان تووشی دڵەڕاوکێ دەکەن، هیوادارین ترس و دڵەڕاوکێ بڵاو نەکرێتەوە، ئەو نەخۆشییە هیچ مەترسییەکی گەورەی نییە، لەبەر ئەوەی پێشتر هەبووە و چارەسەری هەیە.”