گرووپێكی عەرەبی هاوردە هەڵیانكوتایە سەر گوندێكی كوردان لە سنووری دووبز

عەرەبە هاوردەكان هەڵیانكوتایە سەر گوندێكی كوردان بەمەبەستی داگیركردنی زەویوزاری زیاتری جووتیارانی كورد، موختاری گوندەكە زانیاریی دەخاتە ڕوو. عومەر شاسوار، موختاری گوندی چەخماغەی سەر بە قەزای دووبز، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە هەر جارەو گرووپێك عەرەبی هاوردە بەمەبەستی داگیركردنی زەویوزاری جوتیارانی گوندی چەخماغە دێن بۆ گوندەكە و ئەمڕۆش گرووپێكی تری عەرەبی هاوردە هاتنە گوندەكە و داوای زەویوزاریان دەكرد، ئەوانە كاتی بەعس زەویوزاری جووتیارانی گوندەكەمانیان بەكار دەهێنا و ئێستاش داوای زەویوزارەكان دەكەن و ئێمەش گوتمان لێتان قبووڵ ناكەین و ئێوە خەڵكی ئەم گوندە نیین و بڕۆن. گوتیشی، وەك خەڵكی گوندەكە هەڵوێستمان هەبوو بەرامبەریان و ڕێگەمان نەدان زەویی داگیر بكەن و گوندەكەیان بەجێهێشت و كێشەمان زۆرە ئەگەر چارەسەری بنەڕەتی بۆ ئەو كێشانە نەكرێت دۆخەكە ئاڵۆزتر دەبێت. ڕایشیگەیاند، پەرلەمانتارانی یەكێتیی ناینە سەر هێڵ لەسەر ئەم كێشانە “هەڵوێستیان نییە و هیچیان نەكردووە بۆ رێگریكردن لە داگیركردنی زەویوزاری جووتیارانی كورد.” لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 عەرەبە هاوردەكان هەر جارە و هەڵدەكوتنە سەر گوندێكی كوران لەسنووری پارێزگای كەركووك بەمەبەستیی داگیركردنی زەویوزاری جوتیارانی كورد و ئەمڕۆش ژمارەیەك عەرەبی هاوردە هەڵیانكوتایە سەر گوندی چەخماغەی سەر بە قەزای دووبز، بەمەبەستی داگیركردنی زەویوزاری زیاتری جوتیارانی گوندەكە.