تویتێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، درۆیەكی گەورەی سروە عەبدولواحید و كەناڵەكەی شاسوار ئاشكرا دەكات

تویتێكی یەكێك لە پێگەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، درۆیەكی سروە عەبدولواحید و كەناڵی NRT ئاشكرا كرد و دەركەوت لەمەشدا درۆ لەگەڵ خەڵكی كوردستان دەكەن.لە رۆژی دووشەممە 1ی ئایاری 2023وە سروە عەبدولواحید و كەناڵەكەی شاسوار عەبدولواحید بانگەشەی ئەوە دەكەن گوایە سروەی خوشكی شاسوار بە نوێنەرایەتیی (نەوەی نوێ) لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و باڵوێزی ئەمریکا لە بەغدا كۆبووەتەوە.بانگەشەكەیان هێندە بێ شەرمانە بوو كە بانگەشەی ئەوەشیان دەكرد گوایە لە كۆبوونەوەكەیاندا باسیان لە دۆخی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و مەسەلەی داهات و هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی كوردستان كردووە، كەچی دەركەوت هیچ لەم بانگەشانە ڕاست نین. بەپێی بەدواداچوونێكی (باسنیوز)، پێگەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری نزیک لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، پاش نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 2ی ئایاری 2023، لە تویتێكدا وردەكاریی ئەو كۆبوونەوەیەی بڵاو كردۆتەوە و ئاشكرای كردووە، باڕباڕە بیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە بەغدا، لەگەڵ ژمارەیەك لە ژنە پەرلەمانتارەكانی سەر بە پێكهاتە سیاسییەكانی عێراق كۆبوونەتەوە و تێیدا باسیان لە گرنگیی نوێنەرایەتیكردنی ژن و زەروورەتی دەركردنی یاسایەك كە كار لەسەر باشتركردنی ڕێزگرتن لە مافەكانی ژنان و تێكەڵكردنی ژن بە پرۆسەی سیاسی كردووە. جێی باسە بەپێی ئەم تویتە بێت، جگە لە بابەتی ژن و مافەكانی ژنان، قسە لەبارەی هیچ پرسێكی دیكە نەكراوە و سروە عەبدولواحیدیش بە تەنیا یاریدەدەرەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكای نەدیوە، بەڵكوو لەگەڵ ژمارەیەك پەرلەمانتاری لایەنە جیاوازەكان بەشداریی كۆبوونەوەیەكی كردووە كە یەكێكیان ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتییە. بەمەش بانگەشەكانی سروە عەبدولواحید و كەناڵەكەی شاسوار وەك هەموو بانگەشەكانی دیكە، درۆ دەرچوون.