دەستەی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێرانی بڵاوی كردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 6ی ئایاری 2023، كۆماری ئیسلامیی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر (حەبیب فەرەج الله – ناسراو بە حەبیب ئیسیود)دا سەپاندووە كە هاووڵاتییەكی سویدیی بە رەگەز ئێرانییە و تۆمەتی (بڵاوكردنەوەی خراپەكاری لەسەر زەوی) داوەتە پاڵ، هۆكارەكەشی ئەوەیە كە ئەو كەسە تۆمەتبارە بە بەشداریكردن لەو هێرشانەی كە لە ساڵی 2018دا كراوەتە سەر هێزە چەكدارەكانی ئێران و بەهۆیانەوە 25 كەس كوژراون. لە ڕۆژی 21ی ئاداری رابردوودا، ئێران بە فەرمی ئاشكرای كرد، سزای لەسێدارەدان بۆ حەبیب ئیسیود لە لایەن دامەزراوە دادوەرییەكانی ئێرانەوە پەسەند كراوە و بە پلاندانان و سەركردایەتیكردنی ”زۆر كردەوەی تیرۆریستی لە پارێزگای خوزستان“ تۆمەتباری كرد. پێشتر ئاژانسی (ئێران ئینتەرناشناڵ)ی دژبەری حكوومەتی ئێران بڵاوی كردۆتەوە، حەبیب ئیسیود بە درێژایی ئەو ماوەیەی كە گیراوە، مافی دەستنیشانكردنی پارێزەرێكی وەك بریكاری خۆی لێ زەوت كراوە. هەر لەمبارەیەوە، بەیانیی ئەمڕۆ، وەزیری دەرەوەی سوید لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد، بەردەوام باڵوێزخانەی وڵاتەكەی لە تاران لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی لەسەر هێڵ بووە بۆ ڕاگرتنی جێبەجێكردنی سزاكە، بەڵام ئێران گوێی بەو هەوڵانەی ئەوان نەداوە و بەیانیی ئەمڕۆ سزاكەی جێبەجێ كردووە. لە مانگی ئەیلوولی 2018، ژمارەیەك چەكدار كە جلوبەرگی سەربازییان لەبەردا بوو، دەستڕێژی گوللەیان لە ژمارەیەكی زۆر سەرباز كرد كە سەرقاڵی نمایشی سەربازیی ساڵانەیان بوون لە (ئەهواز)ی عەرەبنشین لە ئێران. خەڵكێكی زۆر پێیانوایە كە ئەو چالاكییە لە لایەن ڕێكخراوێك بە ناوی (بزووتنەوەی خەباتی عەرەبی بۆ ئازادكردنی ئەهواز)ەوە ئەنجام دراوە. حەبیب فەرەج الله كە لە سوید نیشتەجێ بووە، لە مانگی ئۆكتۆبەری 2020 لە میانی گەشتێكی بۆ شاری ئیستەنبۆڵ لە توركیا، دیار نەما، دوای نزیكەی مانگێك تۆماری ڤیدیۆیی لە كەناڵەكانی ئێرانەوە بڵاو كرایەوە و دەركەوت لە لایەن هێزێكی ئێرانییەوە لە سوید ڕفێندراوە و بۆ ئێران گوازراوەتەوە. بەپێی راپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێرانی بێت كە دوێنێ هەینی بڵاو كراوەتەوە، لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا ژمارەی لەسێدارەدانەكان لە ئێران بە ڕێژەیەكی بەرچاو زیادیان كردووە، بە جۆرێك هەر 6 كاتژمێر كەسێك لەسێدارە دراوە و لەم 10 رۆژەدا سەرجەمی لەسێدارەدانەكان 42 حاڵەت بووە.
ئێران هاووڵاتییەكی سویدی بە تۆمەتی بڵاوكردنەوەی خراپەكاری لەسەر زەوی لەسێدارە دا
