حکوومەتی عێراق داوا لە هاووڵاتییان دەکات لەجێی پارەی کاش پشت بە بانكی ئەلیكترۆنی ببەستن

ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێوەبەری گشتیی بانكی رەشید، داوای لە هاووڵاتییانی عێراق كرد لەمەودوا لە بری بەكارهێنانی پارەی كاش، پشت بە کارتی ئەلیکترۆنیی بانکەكان ببەستن. محەمەد سەمیر بەڕێوەبەری گشتیی بانكی رەشید لە بەیاننامەیەكدا، داوای لە هاووڵاتییان كردووە لە ڕێگەی مۆبایلەوە، ئەپڵیكەیشنی هەژماری بانكی دابەزێنن و لە كاتی كڕینی شمەكدا كارتی ئەلیكترۆنی و بانك لەبری پارەی كاش بەكاربێنن. بەڕێوەبەری گشتیی بانكی رەشید ئاماژەی بەوە داوە كە لەلایەن سەرۆك وەزیران و وەزیری داراییەوە داوای لێ كراوە هەموو ئاسانكارییەك بخەنەڕوو بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بە ئاسانی دەستیان بە بانكی ئەلیكترۆنی بگات و لەمەودوا لەبری پارەی كاش، كارتی ئەلیكترۆنی و ئەپڵیكەیشنی بانك لە مۆبایلەكانیان بەكاربێنن. ئەمە لە كاتێكدایە ماوەیەكە حكوومەتی فیدراڵی بە هاوكاریی وڵاتانی رۆژئاوا، دەستی بە پەرەپێدانی بانكی ئەلیكترۆنی كردووە، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لەبری پارەی كاش، پشت بە هەژمارە بانكییەكانیان ببەستن و لە مامەڵەی رۆژانەیاندا بەكاری بێنن.