پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند، ئێوارەی ڕۆژی 9/5/2023 ڕێککەوتنی دەستەخوشکایەتی لە نێوان پارێزگای دهۆک و شارەوانیی ”ڕەیدن”ی هۆڵەندا واژوو کرا. د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، بە ناوی خۆی و خەڵکی دەڤەرەکە و کارگێڕیی پارێزگای دهۆکەوە سوپاسی سەرۆکایەتیی شارەوانیی شاری ”ڕەیدن”ی هۆڵەندای کرد بۆ واژووکردنی ڕێککەوتنی دەستەخوشکایەتی لەگەڵ پارێزگای دهۆک و هیوای خواست لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەدا زیاتر خزمەت پێشکەش بکرێت و پەیوەندیی هەردوو لا گەشەی زیاتر بە خۆوە ببینێت. هەروەها سوپاسی ڕێکخراوی VNGی هۆڵەندای کرد بۆ واژووکردنی ڕێککەوتنەکە. هەر لەم بارەیەوە، سەرۆکی شارەوانیی ”ڕەیدن”ی هۆڵەندا خۆشحاڵیی خۆی بۆ واژووکردنی ڕێککەوتنەکە دەربڕی و گوتی: ”شەرەفێکی گەورەیە کە ئێمە لەگەڵ پارێزگای دهۆک پێکەوە کار دەکەین و هیوادارین کاری باش بۆ دهۆک بکرێت.”