موحەڕەم ئینجە، بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا، كشانەوەی خۆی لەبەربژێری ڕاگەیاند، ئەم بڕیارەشی لە كاتێكدایە كە تەنیا سێ ڕۆژی ماوە بۆ هەڵبژاردن. بەربژێربوونی ئینجە لە بەرژەوەندیی ڕەجەب تەییب ئەردغان بوو، چونكە دەنگی ئۆپۆزسیۆنی توركیا پەرت و بڵاو دەبوو، وەكوو پێشبینیش دەكرا، ئینجە 5%ی دەنگەكانی بەدەست دەهێنا، بەڵام فشاری میدیا و لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆن، وای لە ئینجە كرد كە بڕیارە قورسەكە بدات و لە بەرژێری بكشێتەوە. یەكەم لێدوان لە ئاكەپەوە هات، ئەوان پێیان وایە كە كەمال كلیچدارئۆغڵو، چەند بەڵگەیەكی ڤیدیۆیی ئینجەیان لایە كە نەشیاوە و پێیان گوتووە ئەگەر نەكشێیتەوە بڵاوی دەكەینەوە، بۆیە ئینجەش ترساوە. بە گوێرەی دەنگۆیەكانی ئاكەپە، ئەو گرتە ڤیدیۆییانە گولەنەییەكان ئاشكرایان كردووە و بۆ جەهەپەیان ناردووە، بۆیە وەكوو كارتی فشار دژی ئینجە بەكار هێنراوە. لایەنی دەروونیی ئینجە لە كاتی كۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەكەدا ئەوەی دەسەلماند كە فشاری كراوەتە سەر چونكە بە توڕەییەوە گوتی: ”بۆیە دەكشێمەوە، تا ئەگەر بەیانی دۆڕان، هۆكاری دۆڕانەكە نەخەنە ئەستۆی من.” پێشتریش، دەنیز بایكاڵ، سەرۆكی جەهەپە، بەهۆی ئەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی نەشیاوی بڵاو كرایەوە، بۆیە بەناچاری دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی جەهەپە بوو. دەنگەكانی لایەنگرانی ئینجە بەسەر دوو بەرەدا دابەش دەبێت، بەشێكی زۆری بۆ كلیچدارئۆغڵو دەچێت، چونكە ئەو لایەنگرانە بۆیە پشتگیرییان لە ئینجە دەكرد، چونكە ئۆپۆزسیۆن بوو و دژی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان قسەی دەكرد. بەڵام بەشێكی تری لایەنگرانی ئینجە، لە ڕقی ئەوەی ئینجە لەلایەن جەهەپەوە فشاری كراوەتە سەر بۆ كشانەوە، بۆیە دەنگ بە ئەردۆغان دەدەن. یاریی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا زۆر سەخت و توند بووە، تا دێتیش شانسی كلیچدارئۆغڵو زیاتر دەبێت بۆ بوون بە سەركۆماری توركیا.
موحەڕەم ئینجە كشانەوەی لە بەربژێری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی تورکیا ڕاگەیاند
