وەزارەتی نەوتی عێراق: لە رۆژی شەممەوە دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكرێتەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت و جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە رای گەیاند لە رۆژی شەممەوە ناردنە دەرەوەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جیهانەوە دەست پێ دەكاتەوە، بەم شێوەیە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەست پێ دەكاتەوە. حەیان عەبدولغەنی ئاماژەی بەوە داوە كە دەسەڵاتدارانی توركیایان ئاگەدار كردووەتەوە لەوەی لە رۆژی شەممە 13ی ئایارەوە، هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی دەروازەی جیهانەوە دەست پێ دەكاتەوە. ئاماژەشی بەوە داوە كە كۆمپانیای سۆمۆ بۆ فرۆشتنی نەوتی عێراق، كۆمپانیای بوتاشی توركیای لەبارەی درێژەدان بە هەناردەكردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جیهانەوە ئاگەدار كردووەتەوە.