رۆژنامەنووسانی کوردی کەرکووک لەسەر بێبەشکردنیان لە وەرگرتنی زەوی ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە

ئەمڕۆ هەینی رۆژنامەنووسانی کوردی کەرکووک لەسەر بێبەشکردنیان لە وەرگرتنی زەوی ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە و ئاماژەیان بەوە داوە كە بە بڕیارێکی ڕاکان جبوری پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک، زۆربەی ڕۆژنامەنووسانی کوردی کەرکووک بێ بەش کراون لە وەرگرتنی زەوی. لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە: “ئەمڕۆ هەینی ئێمە بە نوێنەرایەتی زیاتر لە 100 رۆژنامەنووس و میدیاکاری کورد لە کەرکووک کۆبووینەوە، سەبارەت بە هەوڵێکی دابەشکردنی زەوی لە پارێزگاکە، مافی ئێمەی تێدا پێشێل کراوە، زانیومانە کە لیستێک ئاڕاستەی شارەوانی کراوە بۆ پێدانی زەوی بە رۆژنامەنووسان، بەڵام جیا لەوەی کەمترین رۆژنامەنووسی کوردی تێدایە، هاوکات هیچ یەکێک لەو رۆژنامەنووسە کارایانەی تێدا نین کە ساڵانێکە لەم ناوچەیە و لە هەلومەرجە جیاوازەکان رووماڵ دەکەن و تووشی دەیان زەحمەتی و مەترسی بوونەتەوە.” رۆژنامەنووسەكان لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا هەڵوێستی خۆیان لەبارەی ئەو هەوڵەوە خستووەتەڕوو: ١-پێداگرین لەوەی پێدانی زەوی یان هەر ئیمتیازێکی دیکە مافی ئێمەی رۆژنامەنوسانی کوردە هاوشێوەی هاوپیشەکانمان لەپێکهاتەکانی دیکە. ٢-بەشێکی زۆرمان ئینتیمامان بۆ هیچ سەندیکایەک نییەو قبوڵمان نییە،پشتگیری سەندیکا بکرێتە پێوەر بۆ دابەشکردنی زەوی. ٣-داوا لە نوێنەرانی کەرکووک لەپەرلەمانی عێراق دەکەین،بێنە سەر هێل لەسەر ئەم دۆسێیەو فشار بکەن لەسەر بەدەستهێنانی مافەکانمان. ٤-داوا لە پارێزگا و شارەوانی کەرکوک و وەزارەتی شارەوانییەکانی عێراق دەکەین دادپەروەرانە ئەم پرۆسەیە بەڕێوەببەن و تایبەتمەندی کەرکووک لەبەرچاو بگرن. ٥-پێویستە لەدابەشکردنی زەوییدا سەرژمێری 1957 بکرێتە پێوەر،وە ئەو کەسانەی خەڵکی رەسەنی کەرکووک نین زەوییان لەپارێزگاکە پێنەدرێت بەپێی رێنماییەکانی وەزیری شارەوانییەکانی عێراق. ٦-خاڵبەندی لە دابەشکردنی زەوی بکرێتە پێوەری پێشینە بۆ ئەوەی کێ مافی وەرگرتنی زەوی هەیە. ٧-ئەوانەی کە زەویان پێدەدرێ پێویستە پشتگیری دەزگایەکی باوڕ پێکراوی میدیاییان هەبێت بۆ بەردەوامی کارکردن. ٨-لە ئەگەری بەدەمەوە نەهاتنی داواکارییەکانمان هەڵوێستی توندترمان دەبێت