چاودێرێکی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، پەیامەکەی بارزانی لە ئاستێکی بەرزی بەرپرسیاریەتیدایە و پێویستە لایەنە سیاسییەکان بە گرنگییەوە لەم پەیامە تێبگەن و بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. عوسمان گوڵپی، چاودێری سیاسی لە سلێمانی، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، پەیامەکەی بارزانی بە دوو ئاراستە جێگای هەڵوێستە لەسەر کردنە، یەکەمیان پەیامەکە لە ئاستی بەرپرسیارێتییەکی گشتیدایە و گەورەترە لە حزب و ئاراستەی سیاسی و لە ئاست دۆخی هەرێمی کوردستان و ئەم پەرتەوازەییەدایە، بەتایبەت کە رووی کردووەتە پارتی و یەکێتی و ئاماژەی بە کۆتاییهێنان بە یەکترشکاندن کردووە و داوای چارەسەركردنی کێشەکانی کردووە. دووەمیان، پەیامەکە لەکاتێکدایە، کە دۆخی هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە ئەوە دەخوازن، کە هەموان بەرپرسیارانەتر مامەڵە بکەن و کۆتایی بە ناکۆکی و پەرتەوازەیی بهێنن، چونکە هەرێمی کوردستان لەبەردەم نیشانەی پرسیاری هەڵبژاردندایە و نابێت لەوە زیاتر هەڵبژاردن دوا بکەوێت، ڕوونیش نییە دۆخی ناوچەکە بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت، بۆیە لە هەموو بارودۆخێکدا، ئامادەسازییەکی باشە بۆ ئەوەی کورد لەبەردەم گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکانی ناوچەکەدا یەکڕیز بێت. گوتیشی: “ ئەوەی گرنگە ئەوەیە، کە هێزە سیاسییەکان بە گرنگییەوە لەم پەیامە تێبگەن و بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، چونکە گەر وا نەبێت، ئەوا لەداهاتوودا باجی زیاتری پەریەوازەیی و ناکۆکی و یەکترشکاندن دەدەین و کۆمەڵگە بەرەو هەڵدێری زیاتر دەبەین.”